فازڵ میرانی پێشوازی لە پەتریارک کاردینال مار لویس ساکۆ دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە پیرمام لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە پەتریارک کاردینال مار لویس رۆفائیل ساکۆ و شاندێکی یاوەری کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە پەتریارک کاردینال مار لویس رۆفائیل ساکۆ و شاندێکی یاوەری کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا کە ھۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری و رێبوار یەڵدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی ئامادەی دیدارەکە بوون، میرانی بەگەرمی بەخێرھاتنی پەتریارک مار لویس و شاندی یاوەری کرد کە پێکھاتبوون لە مەتران مار باسیلیۆس یلدۆ یاریدەدەری پەتریارکی.
فازڵ میرانی، ستایشی رۆڵی پەتریارکی لە نیشتمان پەروەری و ڕاگرتنی ھاوسەنگی کرد. دووپاتیشی کردەوە کە سیاسەتی پارتی نەگۆڕەو ھەڵقوڵاوی ئەو خەباتە مێژووییەو کولتورو رێبازی بارزانی نەمرە کە دەیان ساڵە بەردەوامی ھەیە، کە پرەنسیپی رۆحی پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی لە نێو پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستانی چەسپاند.
لەلای خۆیەوە جەنابی پەتریارک سوپاسی مەکتەبی سیاسی و فازڵ میرانی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەو ھەردوولا باسیان لە بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە کرد، بەتایبەتی ئەو دۆخەی دوای ھەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھاتۆتە کایەوەو دۆخی کریستیانەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڕێز ساکۆ ستایش و سوپاسی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو پێشوازییە لە کریستیانەکانی ناوەندو خوارووی عێراق کراوە کە لەبەر زوڵم و زۆرداری تیرۆرستان پەنایان ھێناوەتە ھەرێمی کوردستان.
ناوبراو ستایشی ئەو پێشکەوتنەی ھەرێمی کوردستانی کرد کە بەخۆیەوە دەبینێت لە بواری ئاوەدانی و پێکەوەژیان و ئەمن ئاساییشەوەو جەختی لە پێویستی یەک دەنگ و یەکرێزی لایەنی کوردی کرد بەرامبەر لایەنەکانی دیکە لەپرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا بە ئامانجی بنبڕکردنی تیرۆرو کاری تێکدەرانەو رزگارکردنی ھەرێم و عێراق لە ستەم و زۆرداری و گەندەڵی.




