ھۆکاری تێکچوونی دۆخی ئەمنیی بەغدا ئاشکرا دەکرێت

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو دۆخە ئەمنییە ئاڵۆزەی ئێستا لە بەغدا دروست بووە و چەند حاڵەتێکی ئەمنی ڕوویان داوە، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا ھەیە لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و، ئەگەر حکوومەت پێک بێت، ئەو حاڵەتانەش نامێنێن، بۆیە گرنگە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق دروست بووە، کە لە ماوەی ڕابردوودا چەند ڕووداوێکی ئەمنی ڕوویان دا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەندێک ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق ھەیە، بەڵام دۆخەکە بەو شێوەیە تێک نەچووە تا پلانی بۆ دابنرێت و تەنھا ھەندێک حاڵەت بووە، کە ئەوانیش زۆر نەبوون، بۆیە زیاتر پەیوەندیی بە پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراقەوە ھەیە.''
تەڵعەت گوتیشی: ''ئەگەر حکوومەتی تازەی عێراق پێک بهێنرێت و ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەمێنێت، ئەو حاڵەتە ئەمنییانەی ھەبوون، نامێنن و کۆتایییان پێ دێت، بۆیە گرنگە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی عێراق، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دۆخەکە خراپ نییە بەو ڕادەیەی باس دەکرێت، ھەربۆیەش ھەموو ھەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەدرێت، بۆ ئەوەی حاڵەتەکان دووبارە نەبنەوە و سەقامگیری پەیدا ببێت.''
بڵند ئیبراھیم




