تارا شوان: گرووپە شیعەکان نایانەوێت زیانی گەورە لە بنکەکانی ئەمەریکا بکەوێت

ھەولێر-KDP.info- جۆ بایدن ڕایگەیاندبوو ھێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ دیار نییە، بەرپرسی ئینیستیووتی ئابووریی ئەمەریکی-کوردی لە واشنتۆن، دەڵێت، ھێزەکانی ئەمەریکا بەتەواوی لە عێراق ناکشێنەوە، بابەتێکی گرنگ ھەیە کە میلیشیاکانیش ناتوانن زیانی گەورە لە ھێزەکانی ئەمەریکا بدەن.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئیستا باسێکی گرنگی میدیا جیهانی و نێوخۆییەکانە، لە ٢٦ی ٧ی ساڵی ڕابردوو، جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمەریکا ڕایگەیاند، ''تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢١ ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی پێ دێت و ئەمەریکا هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە و تەنیا نزیکەی ٢٥٠٠ هێزی بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاری دێڵێتەوە''، سەبارەت بەمە و ھێرشە مووشەکییەکانی دوو ھەفتە لەمەوبەر، تارا شوان، بەرپرسی ئینیستیووتی ئابووریی ئەمەریکی-کوردی، لە واشنتون، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمەریكا لە عێراق ناكشێتەوە بە یەكجاری و كونسوڵخانە و ڕاوێژكار و كۆمپانیاكانی دەمێنێتەوە، چونكە ئەمەریکا وڵاتێكی بەهێزە و پێویستە لە هەرێمی كوردستان و عێراق بمێنێتەوە بۆ سەقامگیری و بەردەوامیی هەردوولا، ئەمەریکا لە ٢٠٠٣وە لە عێراقدایە و بودجەیەکی زۆری سەرف کردووە و لەو ماوەیەدا چەندین سەربازیان گیانیان لە دەست داوە و ئەوەی هەیە تەنھا فشاری ئێرانە، بەڵام ئەمەریکا وڵاتێک نییە بچێتە ژێر فشاری ھەندێک وڵات.''
ئەمەریکا چەند ساڵێكە لە عێراق هیچ شەڕێكی نەكردووە و ناشیكات، تەنها هاوئاهەنگی و هەماهەنگی لەگەڵ عێراق کردووە و ئیتر چەكدار بەكار ناهێنێت، تەنها هاوكاریی سەربازی و هەواڵگریی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا.
ھێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق تا ڕادەیەک وەک ئاگادارکردنەوەیەک دەبینرێت کە ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە و ھاندانی ئێرانیشە بۆ چەند گرووپێکی شیعە، بۆ ئەمە، بەرپرسی ئینیستیووتی ئابووریی ئەمەریکی-کوردی گوتی: ''گرووپە شیعە میلیشیاكان بە بەردەوامی هێرش دەكەن بۆ ئەوەی بیانەوێت فلاشی ئاگاداری بە عێراق و ئەمەریکا بدەن، بەڵام بابەتێكی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە كە میلیشیاكانیش ناتوانن و نایانەوێت زیانی گەورە لە ئەمەریکا بدەن، چونكە ترسی دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوەی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبوومەھدی مھەندیس هەیە، بەڵام هەر بەردەوام دەبن بۆ فشار خستنە سەریان.''
ھاوکات ھێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە خاڵی گۆڕان لە عێراقدا بەتایبەتی و لە ناوچەکەشدا بەگشتی دادەنرێت، دواتر بۆشاییەک لە ئاسایشی عێراقدا دروست بوو کە بوو بەھۆی حاڵەتێکی نائاسایی و گرژ، لە ھەمان کاتدا ھەندێک لەو بڕوایەدان ھاتنی ھێزەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق ئەنجامی باشی ھەبوو کە لابردنی ڕژێمی پێشوو بوو.
فایزە کۆیی




