٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

محەمەد حەلبووسی وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، تێیدا محەمەد حەلبووسی توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ببێتەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.

لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 228 پەرلەمانتار دەنگیان داوە، لەو ژمارەیەش 200 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ محەمەد حەلبووسی و 14 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ مەحموود مەشهەدانی داوە و 14 دەنگیش پووچەڵ بوون.

تاکە رکابەری حەلبووسی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران مەحموود مەشهەدانی، بەتەمەنترین پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق بوو. محەمەد حەلبووسی خولی چوارەمی پەرلەمانیش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بووە، بەوەش دوو خولی لەسەریەکی پەرلەمانە لەو پۆستەدایە.

بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دوای تێکچوونی دۆخی تەندروستی مەحموود مەشهەدانی بۆ ماوەیەک دواکەوت، بەڵام دواتر خالید دەڕاجی سەرۆکایەتیی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی گرتەدەست، کە لەدوای مەحموود مەشهەدانی بەتەمەنترین پەرلەمانتارە.

دوای نزیکەی سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 09-01-2022 دەستەی نوێی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستبەکاربوون و سوێندی یاساییان خوارد.

 

هەواڵی پەیوەندیدار