ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئاشکرا دەکات

بەغدا-KDP.info- فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە 9ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
لە کارنامەکەدا هاتووە: "یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران بە مارشی کۆماریی عێراق دەستپێدەکات، دواتر چەند ئایەتێکی قورئان دەخوێندرێتەوە، پاشان سوورەتی فاتیحە بۆ رووحی شەهیدانی عێراق دەخوێندرێتەوە، ئینجا ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتارێک پێشکێش دەکات بۆ بەخێرهاتنی ئەندامانی پەرلەمان و خوێندنەوەی ناوی ئامادەبووان، دواتر بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات".
بەپێی کارنامەکە، سەرۆکی بەتەمەن داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەکات سوێندی یاسایی بخۆن، ئینجا سەرۆکی بەتەمەن بەبۆنەی دەستپێکردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان گوتارێک پێشکێش دەکات، لە کۆتاییشدا سەرۆکی بەتەمەن دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی دەکاتەوە.




