٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق: ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەڵناوەشێندرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  دادگای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتنی خۆی بۆ بڕیاردان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق بەڕێوە برد و ڕایانگەیاند، ئەنجامەکان هەڵناوەشێندرێنەوە و سەرجەمی ئەو سکاڵایانەی لەو بارەیەوە پیشکەش کرابوون، ڕەت کرانەوە.

عێراق لە 10ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەڕێوە برد و، جیاوازی بۆچوون لەسەر ئەنجامەکانی بەردەوامە، بەتایبەتی لەلایەن فراکسیۆنە چەکدارەکانەوە کە تووشی شکستێکی سەخت بوون و بەردەوامن لە بەرهەڵستیکردنی ئەنجامەکان و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەن.

هاوپەیمانیی فەتح بەهۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکەدا داوای یاساییی تۆمار کرد و داوای کرد ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی ئەو دۆسیەیەی لەلایەن باڵی سیاسیی فراکسیۆنە چەکدارەکانەوە بەرانبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ ئەمڕۆ دووشەممە دوا خست.

بڕیاری دەرکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گورزێکی گەورە بوو بۆ لایەنە چەکدارەکانی عێراق کە هیواخواز بوون ئەنجامی هەڵبژاردن پووچەڵ بکرێتەوە، یان بە لایەنی کەمەوە ژماردنەوەی دەستی بکرێت.

پێشبینی دەکرێت پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەست پێ بکات و قەیرانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی کۆتایی بێت.

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار