ڕێبوار ھادی: دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە

بەغدا-KDP.info- کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ڕەوانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی کردووە و سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە دەبات.
ڕێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ڕادەستی دادگای باڵای فیدڕاڵی کراوە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، دوای ئەوەی دادگا ئەنجامی ھەڵبژاردنی ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی پەسەند کرد، خولی ئێستای پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە دەبات و بەتەمەنترین پەرلەمانتاریش سەرۆکایەتیی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات.''
ڕێبوار ھادی ڕوونیشی کردەوە: "لە یەکەم کۆبونەوەی پەرلەماندا گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی یەک مانگدا کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێک بێنێت و لە پەرلەمانەوە متمانەی پێ دەدرێت، کۆبونەوەی پەرلەمانیش تا پێکھێنانی حکوومەت بەکراوەیی دەمێنێتەوە.''
قائید میرۆ




