مەکتەبی سیاسی پارتی ئیدانەی پەلامارە تیرۆریستییەکەی سنووری کوڵەجۆ دەکات
__2021_11_29_h19m22s13__HK.jpg)
شەوی ٢٧ـی ١١ـی ٢٠٢١ تیرۆریستانی داعش لە سنووری کوڵەجۆ کردەوەیەکی تیرۆریستییان ئەنجامدا کە بەهۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان لەکاتی ئەرک و لە پێناو پاراستنی وڵات شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆر بە توندی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە ئیدانە و سەرزەنشت دەکەین و، پرسەی خۆشمان رادەگەیەنین و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
داواکارین بۆ لەمەودوا بە هەموو توانا و بە هەموولایەک هەوڵ بدەین و بە جددی کار بۆ چارەسەرکردن و بنبڕکردنی ئەو کردەوە و پەلامارە تیرۆریستییانە بکەین کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە و رێگە لەو کار و چالاکی و هەڕەشانە بگیرێ، هەروەها ئەو بۆشاییە ئەمنییەی هەیە چارەسەر بکرێ بۆ پاراستنی ئاسایشی دانیشتوانەکەی و سەقامگیریی و ئارامیی ئەو شوێن و ناوچانە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شەڕی رووبەڕوبوونەوەی داعش و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان..
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٩ـی ١١ـی ٢٠٢١




