وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: پەنابەره عێراقییهكان بوونەتە قوربانیی ململانێی سیاسی

بەغدا-KDP.info- وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێ، پەنابەره عێراقییهكان لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس-پۆڵەندا بوونەتە قوربانیی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و بێلاڕووس.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بڵاوی کردووەەتەوە، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، پێشوازیی لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، ڤێلا ڤاریۆلا و شاندی یاوەری کردووە.
لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا لە بوارە جیاجیاکان و هەنگاوەکانی پەرەپێدانیان کراوه، هەروەها تاووتوێی پرسی هاووڵاتیانی عێراق کراوه کە لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەورووپادا گیریان خواردووە، بە تایبەت ئەو کەسانەی کە لەسەر سنووری بێلاڕووسن لەگەڵ ئەو نەهامەتییانەی لە میانەی کۆچکردنی نایاساییدا رووبەڕوویان دەبێتەوە.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووه، پەنابەره عێراقییهكان لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس-پۆڵەندا بوونەتە قوربانیی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و بێلاڕووس و، رووبەڕووی خراپترین شێوەی مامەڵەکردنی دوور لە بنەماکانی مرۆڤایەتی و نێودەوڵەتی بوونەتەوە.
ئیڤان فایەق راشیگەیاندووه، حکوومەت لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی خێزانە عێراقییەکان، کە بوونەتە قوربانیی دەستی قاچاخچییەکان، سەرجەم گەشە راستەوخۆکانی بۆ بێلاڕووس راگرت.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، هاوکات گەڕانەوەی زۆرەملێی هاووڵاتییانی عێراقی لە دەرەوەی وڵاتەوە رەت کردەوە.
شایانی باسە، مانگی ئابی رابردوو، حکوومەتی عێراق گەڕانەوەی ٦٩٠ هاووڵاتیی لە سنووری نێوان بێلاڕووس و لیتوانیا، رۆژهەڵاتی ئەورووپا راگەیاند، هاوکات ئەمڕۆش چەندین پەنابەری سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا لە رێی فڕۆکەخانەی مینسک بەرەو بەغدا دەگەڕێندرێنەوە.
خێڵان بەختیار




