٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داهاتووی کازمی لە ڕوانگەی سیاسییەوە چۆن دەبێت؟

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-   چاودێرانی سیاسیی عێراق لەدوای هەڵبژاردنەکانی گشتیی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو پێیان وایە کە هەوڵی تیرۆری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێگەی ئەوی لە ڕووی سیاسی و جەماوەریی ناوخۆیی و هاوکات لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتییشدا بەهێز کردووە.

ڕێککەوتن لەسەر کەسایەتییەکی قبووڵکراو کە قابیلی پێکهێنانی حکوومەتی دابێی عێراق بێت، زۆر قورس دیارە و، هەلومەرجی دابەشبوونی توندی هێزە سیاسییە جیاوازەکانی عێراق و گرژی و تۆمەتەکانی نێوانیان دژ بە باکگراوندی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پرۆسەی کۆدەنگی لەسەر سەرۆکوەزیرانی دابێ و درێژەپێدانی دانوستانەکانی نێوان کوتلە سیاسییەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر پاکێجی سێ سەرۆکایەتییەکە ئاڵۆز دەکات و ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆککۆمار و حکوومەت بۆ ماوەی چەندین مانگ، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوشی ئەمنی و سیاسیی گشتی وڵات دەبێت.

توێژەری سیاسیی عێراقی، ڕەعد هاشم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (سکای نیوز)ی عەرەبی دەڵێت: "ئەوانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵدەبژێرن، بەداخەوە یاریزانی دیکەن کە دەستیان لە دەستنیشانکردنی کەسی سەرۆکوەزیران هەیە؛ وەک نەریتی مەرجەعی نەجەف و واشنتن و تاران".

هاشمی دەشڵێت: "ئەمەریکا تەنانەت پێش هەوڵدانی تیرۆرکردنی کازمییش حەزێکی ئاشکرای هەبوو بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ خولێکی نوێی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام ئێران پەرۆشی ئەوە نییە، چونکە ئەو سیاسەتی کراوەیە بۆ جیهانی عەرەبی".

هاوکات نووسەری سیاسیی عێراق، عەلی ئەلبەیدەر، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (سکای نیوز)ی عەرەبی دەڵێت: "ئەو هەوڵی تیرۆرەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بێشک هۆکاری بەشداریی ئەو بووە لە بەرزکردنەوەی پشکی جەماوەری و خستنەڕووی ڕاستیی ئەو میلیشیا چەکدارانەی کە سەلماندوویانە بەتەواوی ناسەرەکی و دژەدیموکراتین".

ئێستا کازمی لە ئاستی نەتەوەیی و سیاسی و لە ئاستی نێوخۆیی و عەرەبی و نێودەوڵەتیدا پشتگیرییەکی بەرچاوی هەیە و، ئەمەش لەوانەیە بە ئەرێنی ڕەنگ بداتەوە بۆ گەڕانەوەی وەک سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی دابێی عێراق.

ئەلبەیدەر بەو ئەنجامە گەیشتووە کە: "کازمی لە پێگەیەکی بەهێزتردایە بۆ چارەکردن و بەرەنگاریی گەردەلوولەکانی عێراق، بەتایبەتی بۆ چارەکردنی دۆسیەی ئەو میلیشیایانە کە بەداخەوە بوونەتە دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا کە ڕاستەوخۆ سەرۆکی سوڵتەی جێبەجێکار و هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج، ئەمەش گۆڕانێکی زۆر جددییە".

 

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار