کاردانەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

بەغدا-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق درا کە شکستی هێنا و کاردانەوەی نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرانبەر ئەم ھەوڵە هاتە ئاراوە و لەلایەن هەریەکە لە ئەمەریکا و قەتەر و لوبنان و سعودیە و ئێران و کۆمکاری عەرەبی و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوەوە ئیدانە کرا.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی، ئەو هەوڵە تیرۆریستییەی کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە ٧/١١/٢٠٢١، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردە ئامانج، لەلایەن سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوە، هێزە ئەمنییەکانی سەرۆکوەزیران توانیویانە دووانیان تێک بشکێنن و بیانخەنە خوارەوە، هاوکات سێیەمیان تەقیوەتەوە و زیانی بە ماڵەکەی گەیاندووە.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی ڕوونی کردەوە کە ئەو سێ فڕۆکەیە، لە دیوی ڕووباری دیجلە لە نزیک پردی کۆمارەوە بەرەو ناوچەی سەوز هەڵدراون کە ماڵی کازمیی تێدایە.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی بۆ سەر سەرۆکوەزیران کرد، هاوکات موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی کرد.
هاوکاتUN یش لە عێراق داوای هێمنی و ددانبەخۆداگرتنی کرد، ئەمەریکا بەخێرایی ئیدانەی ئەو کردەوە ڕوونەی تیرۆری کرد، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە یارمەتیی دەستەڵاتدارانی عێراق دەدا لە لێکۆڵینەوەکاندا.
جامیعەی عەرەبی و میسر و لوبنان و سعودیە و قەتەر و ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداویش ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد.
عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش، ئەمڕۆ ئیدانەی ئەو هەوڵە تیرۆریستییەی کرد، کە بۆ سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا و تویتەرەکەیدا بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات، گوتی: "هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، فیتنەیەکی نوێیە''.
خێڵان بەختیار




