وردەکاریی شەڕەکەی دیالە کە ١٧ کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

دیالە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین رایگەیاند، داعش ھێرشی سەر گوندێکی سنووری دیالەی کردووە لە شارەبان و چەند کەسێکی رفاندووە و داوای پارەیان کردووە بۆ ئازادکردنیان، ھێزی ئەمنیش لەجیاتی ئەوەی پارەیان پێ بدەن، ھێرشیان کردووە، ئەوانیش تەقەی حەشواییان کردووە، کە بەو هۆیەوە ١١ کەس کوژراون و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، بۆیە گەر پەلە نەکرێت لە ھێنانی ھێزی ھاوبەش، دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە گوندی رەشاد لە سنووری شارەبان، چەکدارانی داعش چەند کەسێکیان رفاندووە، کە کاریان بۆ برای پارێزگاری دیالە کردووە لە ھەڵبژاردن و داوای پارەیەکی زۆریان کردووە بۆ ئازادکردنیان، ئەوانیش لەجیاتی ئەوەی پارەیان پێ بدەن، بۆسەیان بۆ داعش داناوەتەوە و کاتێک ھێرشی سەر داعشیان کردووە، داعش بە حەشوایی تەقەیان بە ھەموو جۆرە چەکێک کردووە و بەو ھۆیەوە ١١کەس کوژراون و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ھاووڵاتی و ھێزی ئەمنی بوونە.
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتیشی: "ئەگەر پەلە نەکرێت لە دروستکردنی ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت، چونکە داعش لە سنووری ئێمە بە جۆرێک زیادی کردووە، کە لە ھەموو ناوچەکان بوونی ھەیە، بۆیە ئەمە یەکەم کردەوە نابێت و کردەوەی دیکەش بەدوایدا دێت، چونکە داعش ئێستا بە فەنناس خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج، بۆیە دۆخەکە مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەرکردن ھەیە".
بڵند ئیبراھیم




