وشکەساڵی ھەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر عێراق
_(5)__2021_10_23_h16m11s25__ER.jpg)
بەغدا -KDP.info- ئاماژە قووڵ و ترسناکەکانی کارەساتی مرۆیی و ژینگەییی وشکەساڵی و بەبیابانبوون و کەمبوونی ئاو بەردەوام هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی هاووڵاتییانی عێراق دەکات.
لە دوایین نیشانە بێزارکەرەکاندا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیاری دا کە لە وەرزی زستاندا بە ڕێژەی 50٪ ناوچە کشتوکاڵییەکان کەم بکەنەوە، ئەوەش بەهۆی کەمیی داهاتی ئاوەوە، هاوکات سیاسەتەکانی تورکیا و ئێرانیشیان بە هۆکاری دیکە ناو برد.
محەمەد ئەلخەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، کەمبوونی ئاو هەڕەشەی ڕووخانی ئاسایشی خۆراکی عێراقییەکانی کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە، چاودێران و شارەزایان بە هەڕەشەیەکی دەزانن کە بووەتە واقیع.
لە نێوان ڕەخنەی ڕێگاکانی چارەکردنی قەیرانەکان و نەبوونی ستراتیژی و چارە لەسەر ئاستی حکوومەتی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشانەی بەهۆی کەمیی ئاوەوە پەیدا بوون کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان و بەرهەمهێنان دەبێت، ڕەمەزان حەمزە، پسپۆڕی ئاوی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سکای نیوزی عەرەبیدا گوتی: "دڵنیابوون لە گەیشتنی بێپچڕان بە ئاو لە کاتی دۆخی ئاسایی و فریاکەوتندا، یەکێکە لە گەورەترین بەرەنگارییە ستراتیژییەکان بۆ ئێستا و داهاتوو."
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە داڕشتنی مۆدێلێک بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری لە عێراق، لەسەر بنەمای ڕاستی کەمبوونی ئاو، پێویستی بە پشتیوانی دەوڵەتی نایابە بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ عێراقییەکان.
حەمزە، گوتیشی: "ئەگەر واژۆکردنی عێراق لەسەر یادداشتی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی لەگەڵ تورکیا، ئەوە بێت کە پشکی ئاوی دادپەروەرانە بۆ عێراق لە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات مسۆگەر بکات، هەروەک لە لێدوانەکانی بەرپرسانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقدا هاتووە، ئەوە ڕێگەیەکە بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی کە بەهۆی وەرزی وشکی ئێستای 2021ەوە درووست بووە، پاشان بۆچی حکوومەتی عێراق پەنا دەباتە بەر کەمکردنەوەی ناوچە کشتوکاڵییەکانی لە وەرزی زستاندا".
خێڵان بەختیار




