"حکوومەتی ئێستای عێراق دەسەڵاتی نییە پڕۆژەیاسای بوودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات"

ھەولێر-KDP. info- وەزیری داراییی عێراق دەڵێت، پڕۆژەیاسای بوودجە پێش ھەڵبژاردنەکان ڕەوانەی پەرلەمان دەکەن و ئەندامێکی لیژنەی داراییش ڕەتی کردەوە ئەمساڵ ھیچ پڕۆژەیاسایەک لەلایەن پەرلەمانەوە کاری لەسەر بکرێت.
د. ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو لێدوانانەی باس لە ناردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق دەکەن بۆ پەرلەمان پێش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان تەنیا پڕۆپاگەندەی ڕاگەیاندن کە ھەندێ بەرپرسی عێراقی دەیدەن، چونکە ھیچ ساڵێک لەو کاتەدا حکوومەت پڕۆژەیاسای بوودجەی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق نەکردووە و ھیچ ئامادەکاریەکیش نەکراوە.''
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی: "حکوومەتی عێراق وەرەقەی چاکسازیی ڕاگەیاندووە و تا ئێستا پابەند نەبووە بە جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی ئەمساڵەوە، چۆن دەتوانێت پڕۆژەیاسایەکی دیکە ئامادە بکات، ھێشتا یاسای ئەمساڵی جێبەجێ نەکردووە.''
د. ئەحمەد سەفار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٢ بێتە پەرلەمانیش ئەوە پەرلەمان ناتوانێت کاری لەسەر بکات، چونکە کاتی لەبەردەستدا نییە و مانگێک بەر لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن حکوومەتی ئێستای عێراقیش دەبێتە حکوومەتی کاربەڕێکەر و حکوومەتی کاربەڕێکەریش دەسەڵاتی نییە، پڕۆژەکە گریمان ڕەوانەی پەرلەمان کرا، ئەوە خولی داھاتووی پەرلەمان قبووڵی ناکات، لەبەر ئەوەی پڕۆژەکە ھی حکوومەتی کاربەڕێکەرە و پێویستە حکوومەتی نوێ پڕۆژەیاسای بوودجە بنێرێت.''
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق ڕایگەیاندوە، پێش پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٢ ڕەوانەی پەرلەمان دەکەن.
قائید میرۆ




