پەرلەمانی عێراق ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئاڵۆزییەکان لەسنووری هەرێم ئامادە کردووە

دوای سەردانی شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لیژنەکەی پەرلەمان ڕاپۆرتێکی دەربارەی هۆکار و زیانەکانی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە ئامادە کردووە.
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شاندەکەی پەرلەمان سەردانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی هەندێ ناوچەی سنوورین کە ماوەی چەند مانگێکە بوونەتە مەیدانی شەڕ و لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنوور و خەڵکی ئەو ناوچانە زانیاری تەواومان وەرگرتووە.''
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت: "ئەرکی پەرلەمان بەدواداچوون و چاودێرییە، لەبەر ئەوەش، توانیومانە ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین و لە کێشەکانی ئەو ناوچانە بکۆڵینەوە.''
ناسر هەرکی ئاشکرای کرد: "لیژنەکەی پەرلەمان ڕاپۆرتێکی وردی دەربارەی ئاڵۆزییەکانی سنوور و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان ئامادە کردووە و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی کردووە کە تێیدا هۆکاری بەرپابوونی شەڕ لە ناوچەکە بۆ لەشکرکێشی تورکیا دەگەڕێتەوە و پەکەکەش بیانووی داوەتە دەست تورکیا.''
قائید میرۆ




