"ھەڵبژاردنی عێراق لە وادەی خۆیدا دەکرێت"

ھەولێر-KDP. info- کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق چەندین بڕیاری لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانەوە دەرکرد و شارەزایەکی ھەڵبژاردنیش پێی وایە، لە عێراق ھیچ پڕۆسەیەک گەرەنتی نییە، بەڵام ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.
ھاوڕێ تۆفیق، شارەزای ھەڵبژاردنەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر نیەتێک ھەبوو کە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە کاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت، ئەویش بەھۆی بەھێزیی گرووپی تشرینییەکانەوە کە ڕکابەری سەرسەختی ھێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بوون، بەڵام دواتر بەشێک لەو چالاکانە کوژران و بەشێکی دیکەشیان لە شارەکانی عێراق ڕاو نران، ئێستا گرووپی تشرینییەکان داوای بایکۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردن دەکەن، بایکۆتی ئەو گرووپەش ڕێگەی لە بەردەم ھێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق کردووەتەوە بۆ ئەوەی بچنە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە."
ئەو شارەزایەی ھەڵبژاردنەکان دەشڵێت: "ھۆکارێکی دیکەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیە، بوودجە بۆ ھەڵبژاردن دیاری کراوە و دادگای فیدڕاڵی پێک ھاتووە و لە ڕووی دەستووری و یاسایییەوە ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەکەدا نەماوە، بۆ لایەنی تەکنیکی و ھونەری و ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنیش ھەنگاوی باش نراوە، لەبەر ئەوە ئەگەری بەھێز ئەوەیە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت."
ھاوڕێ تۆفیق پێی وایە: "لە عێراق ھیچ شتێک گەرەنتی نییە، چونکە زۆر جار ڕووداوی کتۆپڕ ڕوو دەدات و ئەوەی ماوە لە بەردەم ھەڵبژاردن زەمینەسازیی سیاسییە."
پەیوەست بە گۆڕانکاری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقدا تۆفیق گوتی: "ھەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق ھەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ شیعەکان، ڕاستە کورد و سوننەش بەشدارن، بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق جاری یەکەمە ئۆپۆزسیۆن لەنێو ماڵی شیعەدا پەیدا بووە و ھەڵبژاردنی ئەم جارەش بۆ شیعەکان یەکلاکەرەوە و گرینگە."
قائید میرۆ




