ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند بە فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سوپای ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریادا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەو گروپانە بۆ سەر بەرژەوەندی و دامەزراوەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی وتی "بە فەرمانی سەرۆک بایدن، هێزەکانی ئەمەریکا هێرشێکی بەرگری وردی ئاسمانیان کردۆتەسەر کۆمەڵێک شوێنی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریادا."
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتیشی هێرشەکان دوو شوێنیان لە سوریا و شوێنێکی دیکەیان لە عێراق کردۆتە ئامانج کە بۆ کارپێکردن و هەڵگرتنی چەک بەکارهێندراون.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا هاتووە دەڵێت "هێرشەکانی ئەم ئێوارەیە دەریدەخات سەرۆک بایدن روون بووە لەسەر ئەوەی لەپیناو پاراستنی ئەمەریکییەکاندا دەجوڵێت."
جێی ئاماژەیە ئەمە دووەمین جارە سەرۆک بایدن لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا فەرمانی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوە بدات، لە مانگی دووشدا وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە موشەکیەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق فەرمانی ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی سنوورداریدا.
دەنگی ئەمەریکا




