مەكتەبی سیاسی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (٦٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا، برووسكەیەكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بەڕێز/ سعود مەلا، سكرتێری گشتیی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا
بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا
بە بۆنەی (٦٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندامان و لایەنگرانی حزبە خەباتگێڕ و دێرینەكەتان دەكەین و، ئومێدەوارین هەمیشە لە پێشكەوتن وسەركەوتندا بن و لە خەباتی نەپساوەی خۆتان بەردەوام بن لە پێناو بەدیهاتنی گشت ئامانجە رەواكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا وەكو یەكەم حزبی سیاسیی كوردی لە كوردستانی سووریا، ٦٤ ساڵ پێش ئێستا لە بارودۆخێكی سیاسیی گرنگی نێودەوڵەتی و هەرێمی و نێوخۆیی سووریا دامەزرا بە مەبەستی كۆكردنەوەی هەوڵ و تواناكانی گەلی كورد لە سووریا و ئاراستەكردنی بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا، یەكێكە لەو حزبە رەسەنانەی بە درێژایی كاروانی خەباتی سیاسی و مێژوویی خۆی هەردەم داكۆكیكارێكی دڵسۆز بووە لە مافە رەواكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و، لە وێستگە جیاجیاكانی خەبات و تێكۆشانیدا رۆڵی كاریگەر و گرینگی خۆی بینیوە و لەو رێگایەشدا قوربانی زۆری داوە و تا ئەمڕۆش لەو رەوتە بەخششدارەی خۆیدا هەر بەردەوامە، ھەوەكو ھەمیشە رۆڵی كاریگەر و بەرچاوی هەبووە بە مەبەستی یەكخستنی ریزەكانی گەلی كورد لە كوردستانی سووریا لەم پێناوەشدا هەنگاوی گەورە و گرنگی هەڵهێناوە تایبەت لە دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی، كە مایەی شانازییە بۆ مێژووی خەباتی ئازادیخواز و دیموكراسیخوازانەی لە رۆژئاوای كوردستان.
پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك هاوپەیمانێكی بەردەوامی خەبات و تێكۆشانی ھاوبەش هەردەم ئەو كاروانە سەرفرازەی ئێوەی بەرزنرخاندووە و دەنرخێنێت، هەر لەسەرەتای بەرپابوونی شۆڕش و بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەرابەرایەتیی (بارزانیی نەمر) كە داڕێژەری كۆڵەگە پتەو و هاوبەشەكانی ئەو هاوخەباتییە بووە بۆ كاركردن و پتەوكردن و بەهێزكردنی بزاڤەكەمان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و دیموكراسی و ئاشتی.
جارێكی دیكە بە بۆنەی (٦٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەتان پیرۆزبایتان لێدەكەین و ئاواتەخوازین هەر سەركەوتوو بن لە كاروانی خەباتی نەپساوە و بەردەوامتان و، دووبارەش جەخت دەكەینەوە سەر هاوپەیمانیی و دۆستایەتی بەهێز و لەمێژینە و رەگداكوتاوی نێوانمان و سووربوون لەسەر پتەوكردنی پرەنسیپە راست و دروستەكانی خەبات و تێكۆشانی مەدەنیانە و دیموكراسیانە.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٤ـی٦ـی٢٠٢١




