سوپای عێراق خستنە خوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رایگەیاند

بەغدا-KDP.info- سوپای عێراق رایگەیاند، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بۆ بەئامانجکردنی بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار ئاراستەکرابوون، خراوەنەتە خوارەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بە ئامانجکردنی بنکەی عەین ئەسەد ئاراستەکرابوون خراوەنە تەخوارەوە و ھاتووە: "لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە لە بنکەی عەین ئەسەد، بەرپەرچی فڕۆکەکان دراوەتەوە و خراونەتە خوارەوە".
بنکەی عەین ئەسەد دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق و یەکێکە لەو بنکانەی کە ژمارەیەک لە سەربازانی ئەمریکا تیایدا بڵاوکراونەتەوە.




