عەلی حوسێن: لاوان هەمیشە رۆلی پێشەنگیان لە خزمەتکردن هەبووە
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و هۆشیاری زیاتری لاوان بۆ پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئامادەبوونی کارگێرانی لق و بەرپرسی ناوچەی نیشتمان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی سنوری ناوچەی نیشتمان و کادیرانی ئیدارەی سنوری ناوچەکە کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا بەرپرسی لقی دوو، هەڵوێست و کار و ماندوو بوونی لاوان و کادیرانی ئیداری لەپێناو پێشکەوتنی کۆمەڵگاو پێشکەشکردنی نمونەیەکی جوانی خزمەتکردن لە فەرمانگەکاندا بەرز هەڵسەنگاند. پاشان جەختی لە داکۆکیکردن لەدەستکەوتەکان و هێنانەکایەی کەشێکی لەبار و گونجاوی بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی داهاتووی گەلەکەمان کردەوە، لەم رووەوە ئاماژەی بەپەیامی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرانبەر رۆل و کاریگەری لاوانی کوردستان لە گۆرەپانی سیاسی و پاڵپشتی و داکۆکیکردنیان لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا، هەروەها لاوان هەمیشە رۆلی پێشەنگیان لە خزمەتکردن هەبووە، وەک ئەرکێک لەم قۆناغەدا، هاوکات بەرپرسی لق تەئکیدی لە تەبایی و یەکریزی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان کردەوە، ئەمانەشی وەکو نمونەیەک لە پێناو رەتکردنەوەی دیکتاتۆریەت و بڕیاری تاکڕەوانە و چەسپاندنی دیموکراسی لە تەواوی عێراقدا بەنمونە هێنایەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی لق باسی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کوردستان و عێراق کرد و تەئکیدی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو کات هەولی داوە هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


