د. ڤیان: دوای جەژن پەرلەمانی عێراق دانیشتنەكانی دەست پێدەكاتەوە

هەولێر-KDP.info- زیاتر لە مانگێكە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووە، ئەمەش گرفتی گەورەی لە بەردەم پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەدا دروست كردووە، كە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە و تا ئێستا پەسەند نەكراون، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت، دوای جەژن پەرلەمانی عێراق دەست بە كۆبوونەوە و دانیشتنەكانی دەكاتەوە.
د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی سەرقاڵبوونی پەرلەمانی عێراق بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و وەرگرتنی پشوو لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، دانیشتنی تەشریعی لە پەرلەمان ڕاگیرا، لەو ماوەیەشدا پەرلەمان زیاتر ڕۆڵی چاودێری و بەدواداچوونی هەبووە بۆ كاروبارەكان، كە بە شێوەی دانیشتنی تەداولی درێژەی بە كاروبارەكانی خۆی داوە، لە ئێستاشدا تەواوی لیژنەكان سەرقاڵی ئەوەن كە چەند پڕۆژەیاسا هەبێ كۆبكرێنەوە، بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان خوێندنەوەیان بۆ بكرێت، بە گشتیش دەتوانین بڵێین نزیكەی 20 پڕۆژەیاسا هەن، كە بەشێكیان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بكرێت، بە تایبەت ئەو پڕۆژەیاسایانەی كە ڕەهەندی ئابووری و یاساییان هەیە و ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگەوە".
سەبری گوتیشی:" ئەو دەنگۆیە ڕاست نییە، كە گوایە هەڵبژاردنەكانی عێراق كاریگەری لەسەر دانیشتنەكانی پەرلەمان هەبووبێت، چونكە ئەوەی سەرقاڵی ئەم بابەتەیە، حزبەكانن نەك پەرلەمانتاران، كۆنەبوونەوەی پەرلەمانیش پەیوەندی بە وەرگرتنی پشووی تەشریعەوە هەیە، كە دەبوو پێش پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە بووایە، هەروەها ماوەی 8 مانگیش بوو پەرلەمانتاران پشوویان وەرنەگرتبوو، لە كاتێكدا بەپێی یاسا هەر چوار مانگ جارێك پەرلەمانتار حەقی شەرعیی خۆیەتی پشوو وەربگرێت".
ناوبراو دەشڵێت: "فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم خولەی پەرلەماندا توانیویەتی رۆڵی كاریگەری هەبێت لە پەسەندكردنی چەندین پڕۆژەیاسای گرنگ، لەوانە جێگیركردنی پشكی هەرێم و پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی، هاووڵاتیانیش دڵنیام ئەم شایەتییەمان بۆ دەدەن".
ڕوونیشی كردەوە، بە هۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە، چاوەڕوان دەكرێت 7ی مانگی 10ی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەرسەلان ئەحمەد




