٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی رووداوەكەی بەغدا كۆدەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بە ھۆی ئەو رووداوەی لە نەخۆشخانەیەكی بەغدا رووی دا و دەیان كەس بوونە قوربانی، بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ساز بكات.

د. بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بە ھۆی رووداوی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا، كە بوتڵی ئۆكسجین تەقیەوە و بەو ھۆیەوە دەیان كەس بوونە قوربانی، بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی  نائاسایی لەبارەی ئەو رووداوە ساز بكات.

حەداد گوتیشی: "ئەو كۆبوونەوەیە راوێژكاری دەبێت و لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین، بەڵام بۆ ئەو كۆبوونەوەیە ھیچ بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق بانگھێشتی ناكرێت".

دەشڵێ، گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لەبارەی ئەو رووداوە دەكەن، چونكە ئەمە رووداوێكی گەورەیە و زیانی گیانیی زۆری ھەبووە.

لەشاری بەغدا بە ھۆی تەقینەوەی بوتڵی ئۆكسجین و ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە ناوچەی رەسافە، ٢٧كەس گیانیان لە دەست دا و دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون، كە ئەو نەخۆشخانەیە تایبەت بوو بە نەخۆشانی كۆرۆنا، ئەمەش وای كرد حكوومەتی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی رابگەیەنێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار