سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێک لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەک بڵاودەکاتەوە

بەغدا-KDP.info- نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، راگەیەندراوێکی لەبارەی روودانی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە باشووری بەغدا بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە: ''لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت و لێپێچینەوەش لە بەرپرسانی نەخۆشخانەکە و ئەوانەی هۆکاری رووداوەکە بوون دەکرێت و هۆکارەکەش دەخرێتەڕوو''.
لەبارەی قوربانیان سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بە شەهید هەژمار دەکرێن و بریندارەکانیش گەر پێویست بکات، دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 27 کەس بەرزبووەوە، دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.




