٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ھەموار دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP. info- پەرلەمانی عێراق خەریکی ھەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانە و ئەندامێکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکانیش لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، بەپێی ھەمواری یاساکە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کەم دەکرێنەوە.

شیروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان, بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر پەرلەمان یاسای ژمارە ٢ی دەرکردبوو کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بەڵام بەھۆی ڕەوشی عێراق و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و پڕۆسەی بایۆمەتری نەتوانراوە لە کاتی خۆیدا یاساکە جێ ەجێ بکرێت، لەبەر ئەوەش، لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لەگەڵ لیژنەی یاسایی خەریکی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراقن."

ئەندامەکەی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان دەشڵێت: "بەپێی ھەمواری یاساکە ئێمە دەمانەوێ ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق کەم بکەینەوە، بۆ نموونە لە مووسڵ پێشتر ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ٣٩ کەس بووە، ئێستا دەیکەینە ٣١ لە پارێزگای بەغدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ٧٥ ئەندام بووە کەم دەکرێنەوە بۆ ٤٥ ئەندام."

پەیوەست بە کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، شیروان دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەندێک سەختە، چونکە بڕیارە ھەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی قەزاکانیش بکرێت، ئەنجومەنی ناحیە نەماون، بەڵام خۆم پێشبینی دەکەم ساڵی ئایندە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار