مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی لە یەکێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان دەکات

ههولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بـەبۆنـەی (٢٦) سـاڵەی دامەزراندنی حزبەکەیان، پیرۆزبایی لەیەکێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان دەکات.
دهقى برووسكەی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی:
برووسكەی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە (٢٦) ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
بەڕێز / غەفور مەخموری سكرتێری گشتی پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی (٢٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و، هیوای بەردەوامیی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
ئێمە لە كاتێكدا ئەو یادەتان و ساڵی تازەی کوردی و نەورۆزی جەژنی نەتەوەییمان پیرۆز دەكەین، رۆڵی پارتەکەتان بۆ بەدەستهاتنی دەستكەوتەكان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان بەرز دەنرخێنین، هاوكات جەخت دەكەینەوە لەسەر هاوھەڵوێستی و یەكڕیزیی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانمان و رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفراز و سەركەوتوو بن ....
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢١ـی ئاداری ٢٠٢١




