مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان پیرۆز دەكات

بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت و گشت ئەندامانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان
بەبۆنەی شەستەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەتانەوە پیرۆزباییەكی گەرمتان ئاراستە دەكەین و ئومێدەوارین لە خزمەتكردنی ئەو توێژە هەرە زیندووەی گەلەكەمان كە قوتابیانە بەردەوام بن و هەرچی زیاترە لە خواستە پیشەییەكانتان و ئیرادەی راستەقینەی قوتابیان و داوا رەواكانیان نزیكتر ببنەوە و وەكوو داكۆكیكارێكی ئەوان لە گۆڕەپانی خەباتی مەدەنیدا شوێن دەستان دیار و كاریگەر بێ.
رێكخراوەكەتان لە هەلومەرجێكی یەكجار دژواردا لەدایكبوو، هەنگاوەكانی خەباتیشی ئاوێتەبوو بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلی كوردستانمان لە شۆڕشی ئەیلول و هەموو بەرخودانەكان لە پێناوی ئازادی و دیموكراسیدا.
لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا خەباتی ئێوە لە درێژەی خەباتی رزگاری نیشتمانیدا، خەباتی بونیاتنان و هوشیاركردنەوەی توێژی قوتابیانە بۆ بەشداری كاریگەر لە پێشكەوتنی بورای خوێندن و پەرەوەردەدا لەپێناوی ئامادەكردنی لاوێكی بەتوانای شارەزا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و گەشەپێدانی كۆمەڵگا و بەرەوپێش بردنی رەوڕەوەی مێژووی گەلەكەمان.
لەبەرامبەردا ئەركی حكومەتی هەرێمیشە كە دەرفەتی یەكسانی خوێندن و درێژەپێدان بە خوێندن بۆ هەمووان مەیسەر بكات و هەرچی زیاترە ئەو هۆكارانە كەمبكاتەوە كە دەبنە هۆی وازهێنانی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە خوێندن. بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و دیموكراتیزەكردنی پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانی ئەم بوارە و دروستكردنی قوتابخانەی نوێ و بەپێی ستانداردە جیهانییەكان و هەمواركردنەوەی ئەوانەی كە هەن و دروستكردنی بەشی ناوخۆیی و بایەخدان بە قوتابیان لە خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و قوربانیانی سیاسەتەكانی دیكتاتۆری و هەرچی زیاتر گرنیگیدان بە ئاستی زانستی و شیاندن لەو كۆلێژ و پەیمانگایانەی مامۆستا بۆ بواری خوێندن و پەروەردە ئامادە دەكەن، ئەركگەلێكن لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمن، بەڵام جێبەجێكردنیان بەدەر نییە لە بەشداری كاریگەرانەی رێكخراوەكەی ئێوەیش لە رێی هاندانی رۆڵەكانی گەلەكەمان بۆ خوێندن و دروستكردنی ئەو رایەڵەیەی پەیوەندی مەدەنییانە لە نێوانی ئاواتەكانی قوتابیان و دامەزراوەكانی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا رێكدەخات.
دووبارە پیرۆزبایی گەرم لە خۆتان و هەموو قوتابیانی كوردستان دەكەین بەم بۆنە شكۆدارەوە كە هاوكات رۆژی قوتابیانی كوردستانیشە. سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو قوتابییە شەهیدانە دادەنەوێنین كە لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەماندا بۆ ئازادی و دیموكراسی و ژیانێكی سەربەرزانە گیانی خۆیان بەخت كرد.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18ی شوباتی 2013

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


