مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان یادی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان پیرۆز دەكات

هەڤاڵان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت و گشت ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی شەستەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەتانەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەكەین و لەرێی ئێوەشەوە ئەم یادە شكۆدارە لە هەموو لاوانی كوردستان پیرۆز دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنتان بۆ دەخوازین.
ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەكەتان وێستگەیەكی دیكەیە لە مێژووی پڕ سەروەری لاوانی كوردستان لە گۆڕەپانی خەباتی مەدەنی لەپێناوی بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكانیان. چاوەڕوانی ئەوەتان لێ دەكرێ كە بەپێی بەرنامە و جیهانبینییەكی نوێگەرانە دریژە بە خەباتتان بدەن و ئەو مەودا گرنگە لە نێوانی حكومەت و لاوانی كوردستاندا پڕ بكەنەوە كە بە هەق شایسەتەی ئامادەبوونی تێكۆشەرانەی ئێوەیە.
لاوانی كوردستان بزوێنەری جومگە سەرەكییەكانی كۆمەڵگان و بە توانای بیر و بازووی ئەوان داهاتووی كوردستان بیات دەنرێ و شوورای پۆڵاینی پاراستنی كوردستان و دەستكەوتەكانین، بۆیە خەباتكردنی بەردەوام لەپێناوی بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكانیان ئەركێكی بێ چەندووچۆنی رێكخراوەكەتانە.
گەشەپێدانی ئینتیمای نیشتمانی لەناو توێژی لاوان و بڵاوكردنەوەی كولتووری دیموكراسی و گیانی لێبووردەیی و پێكەوژیانی ئاشتییانە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی و دەمارگیری، بایەخدان بە دروستكردنی كەسایەتی ئەرێنی لاو و پەرەپێدانی توانای جەستەیی و فیكری و لێهاتووییان لە مەیدانی كار و زانستخوازی و شیاندنیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی سەركردایەتیكردن لە دامەزراوەكان و لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا، كاركردن بۆ بەرزركردنەوەی ئاستی گوزەرانی لاوان و دابینكردنی پێویستییەكانی ژیانیان و كەمكردنەوی رێژەی بێكاری و نەخوێندەواری لەناویاندا و هوشیاركردنەوەیان لە مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان، هەروەها بایەخدان بە لاوانی كوردستانی لە تاراوگە و رەخساندنی هەلومەرجە لەبارەكان بۆ گەڕانەوەیان و چەندینی دیكەیش ئەركگەلێكن لە ئەستۆی رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان وەكوو بابەتی خەبات، هاوكات ئەركگەلێكن لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كار بكات بۆ بەدیهێنانیان وەكوو بنەمایەك بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵگاكەمان.
دووبارە پیرۆزبایی گەرم لە ئێوە و لە رێی ئێوەشەوە لە هەموو لاوانی كوردستان دەكەین بەبۆنەی ئەم یادە پرشنگدارە لە مێژووی گەلەكەماندا.
یادی هەموو ئەو لاوانەی كوردستان، لە هەموو نەتەوە و چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمان بەرز و بەڕێز رادەگرین كە لە گۆڕپانەكانی خەبات و رووبەڕووبوونەوەی دیكتاتۆریدا و لەپێناوی ئازادی و دیموكراسی و ژیانی سەرفرازیدا گیانی خۆیان بەخت كرد و چوونە ریزی شەهیدانی سەربەرز و هەمیشە نەمرەوە. دەستی هەموو ئەو لاوانەیش دەگوشین كە ئەمڕۆ لە خەباتی بنیاتنانی كوردستانەكەماندا بە بیر و بازوو كار دەكەن و تێدەكۆشن.
سەربەرز و سەرفراز بن
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18ی شوباتی 2013

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


