٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (٣٠)هەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی (٣٠)هەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، رایگه‌یاند: راپەرینی شكۆداری (٥ـی ئاداری ساڵی ١٩٩١) بەردی بناغەی حوكمڕانی كوردی داناو توانرا لە ساڵی(١٩٩٢) پەرلەمانێك لە هەموو پێكهاتەكان هەڵبژێردرێ، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

رۆڵەكانی گەلی كوردستان بە تێكرای چین توێژ و پێكهاتەکانیەوە لە(٥ـی ئادار)ی هەموو ساڵێك یادی رۆژێكی مێژوویی شكۆدار و مەزن دەكەنەوە، لەو رۆژەدا راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلەكەمان بە بڕیاری سەركردایەتی سیاسی و هێز و توانای سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەكانی كوردستان لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە زەنگی سەركەوتنی بەسەر ستەم و زۆرداریدا لێدا.

راپەرینی گەلەكەمان لەو رۆژەدا رووداوێكی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەرهەمی خەباتی ساڵەها ساڵەی سیاسیی و چەكداری نەتەوەکەمان و پێشمەرگایەتی و ھەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بوو، هەربۆیەش پەیامی راپەڕین رەتكردنەوەی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەك و ستەمێكی حكومەتە شۆفینیە یەك لە دواییەكەكانی عێراق بوو، هەروەها راپەڕین هەوێنی بەرخودان بوو دژ بە سیاسەتی لەناوبردن و جینۆساید و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەمان.

راپەرینی شكۆداری (٥ـی ئاداری ساڵی ١٩٩١) بەردی بناغەی حوكمڕانی كوردی داناو توانرا لە ساڵی(١٩٩٢) پەرلەمانێك لە هەموو پێكهاتەكان هەڵبژێردرێ و حكومەتێكی نیشتیمانی لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەماندا پێكبهێنێ کە ئەمەش خواستی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتیمان بوو بۆ ھێنانەدی ویستی رۆڵەكانی گەلەكەمان و تۆمارکردنی ئەزموونێكی نوێ و پڕشنگدار لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەكەماندا.

بەدرێژایی تەمەنی فەرمانڕەوایی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێک كێشە و قەیران و گیروگرفتی ناوخۆیی و دەرەكی بەرەو رووی ئەو ئەزموونە بونەتەوە كە هەرەترسناكەكەیان شەڕی داعش و تیرۆریستان بوو هەرچەندە بە خۆراگری و جوانمێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەدان شەهید، ئەو مەترسیە بەو ئاست و رادەیەی ئەوسا نەماوە، بەڵام تائێستاش ئەو هەڕەشەیە هەربەردەوامە و لێرە و لەوێ ئەو تاقمە گێرەشێوێنانە پەلاماری هەرێم دەدەن.

لەلایەكی دیكەوە پەتای كۆرۆنا كە قەیرانێكی تەندروستی و ئابووری و دارایی لە جیهان خستۆتەوە و هەرێمی كوردستانیشی گرتۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم بەهەموو هێز و توانایەكیەوە لە هەوڵی چارەسەركردن و سنوورداركردنی ئەو پەتایە دایە لەرێگەی رێنمایی توندوتۆڵ و پلانی رێكوپێكی تەندروستی و گەیشتنی فاكسینی ئەو پەتایە بۆ هەرێم، هەروەها حكومەتی هەرێم لەرێگەی پلان و سیستەمێكی گونجاوی چاكسازی بۆ چارەسەركردنی باری گوزەران و بژێوی هاووڵاتیان و رێكخستنەوەی سیستەمی مووچە بەردەوامە لە كارەكانیدا، جگە لە دیدارو گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان. 

هاووڵاتیانی خۆشەویست وخۆراگر..

ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕوامان وایە و جەختیش لەسەرئەوە دەكەینەوە كە ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە یەكڕیزی و یەكگوتاری سیاسییە بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی حوكمڕانیەتی هەرێمی كوردستان كە بە خوێنی هەزارەها شەهید و قوربانی هاتۆتە ئاراوە.

لەلایەكی دیكەوە پارتیمان باوەڕی وایە بۆ پاراستنی ئەو دەستكەوتانە و چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان ئەمڕۆ جیددیتر و زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاوبڕیاری سیاسی هەیە لەسەر ئاستی هەرێم و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیە پێشكەوتنخواز و نیشتیمانپەروەرەكانی عیراقیش، بەتایبەتی كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عیراقمان لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی بتوانین سەنگ و قورسایی هەرێم لە بەغدا پتەوتر بكەین و ماف و ئیستیحقاقاتە دەستووریەكانمان بەدەست بێنین و كێشە هەڵپەساردراوەكانیش بەزووترین كات چارەسەر بكەین.

لەو بۆنە پیرۆزەدا وەك هەمیشە جەخت دەكەینەوە سەر بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و جێبەجێكردنی ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانمان بۆ پتەوتركردن و داكۆكیكردن لە  بنەما راست و دروستە دیموكراسیەكانی حوكمڕانیەتی گەلی كوردستان و زیاتر خزمەتكردنی رۆڵەكانی گەلەكەمان و چاكتركردنی بژێوی ژیانیان و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی گوزەرانیان و چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان و زیاتر ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان.

جەخت لەسەر پاراستن و بەھێزکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان دەکەینەوە، کە نیشتیمانێکی ئارام و ئاسوودە و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانە و، ماف و داخوازیی و بوونی ھەمووانی تێدا پارێزراوە و  هەر ئاواش دەمێنێتەوە.. 

لەیادی راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو دادەنوێنین... 

دروود بۆ شەهیدانی راپەرینە شكۆدارەكەی ئاداری ١٩٩١، لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە تا وەكو كەركووكی دڵی كوردستان..

سڵاو و دروود بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریی و سەرفرازی و هەموو ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان لەپێناوی نیشتیمانەكەیاندا بەخشی..

سڵاو بۆ پێشمەرگە دلێرەكانی كوردستان..

شكۆدار بێ یادی راپەڕین..

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

٥ـی ئاداری ٢٠٢١

 

هەواڵی پەیوەندیدار