٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەیار تاهیر: بە بێ تەواوكردنی دادگا، ھەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوە ناچێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانی عێراق دەیەوێ یاسای دادگای فیدڕاڵی ھەموار بكاتەوە بۆ تەواوكردنی ئەندامانی دادگاكە، پەرلەمانتارێكی عێراقیش دەڵێ، ئەگەر كێشەی نەبوونی ئەندامانی دادگا چارە نەكرێت، ھیچ ھەڵبژاردنێك لە عێراق بەڕێوە ناچێت.

بەیار تاهیر، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دادگای فیدڕاڵی لە عێراق باڵاترین دەسەڵاتی دەستووریی ھەیە و بڕیار لەسەر كۆمەڵێك پرس دەدات، بەڵام بە ھۆی ئەوەی لە ئێستادا ژمارەی ئەندامانی دادگاكە كەمە، توانای یەكلاكردنەوەی ھیچ پرسێكی نییە، چونكە پێویستی بە دەنگی ھەموو ئەندامانی ھەیە".

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەشڵێت: "دوێنێ لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق باس لە ھەمواركردنەوەی یاساكە كراوە، تا لە رێگەی یاساوە ژمارەی ئەندامانی دادگا تەواو بكرێت، چونكە پێشتر دادوەرێك خانەنشین بووە و یەكێكی دیكەش كۆچی دوایی كردووە".

تاهیر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تا ئەو كاتەی كێشەی ئەندامانی دادگا چارە نەكرێت، ھیچ ھەڵبژاردنێك لە عێراق بەڕێوە ناچێت، لەبەر ئەوەی تەنیا دادگای فیدڕاڵی مافی ئەوەی ھەیە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان پەسەند بكات و، بەپێچەوانەوە بێ پەسەندی دادگا ھیچ ھەڵبژاردنێك لە ڕووی یاساییەوە قبووڵكراو نییە".

پەیوەست بە ھەڵوێستی كوردیش، بەیار تاهیر گوتی: "ئێمەیش بەشدارین لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ھەڵبژاردنەكان، كورد لەگەڵ ئەوەدایە پڕكردنەوەی ئەندامانی دادگا زیاتر دوا نەكەوێ و ھەر كاتێكیش كۆدەنگی لەسەر پرسەكە ھەبێت، ئێمەش لاریمان نییە".

 

قائید میرۆ  

 

هەواڵی پەیوەندیدار