"شانەی نوستووی داعش مەترسین بۆ سەر مووسڵ"

مووسڵ-KDP.info- ژمارەیەک چەکداری داعش لەنێو خاکی سووریاوە دزەیان کردووەتە نێو سنووری عێراق و لە دەشتی نەینەوا خۆیان حەشار داوە، جێگری پارێزگاری مووسڵیش دەڵێت، ڕۆژ نییە ھێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک چەکداری داعش دەستبەسەر نەکەن.
ڕەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "عێراق سنوورێکی بەرفراوانی لەگەڵ سووریا ھەیە و دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا، ھەرچەندە خاڵی سەربازی لەسەر سنوور جێگیر کراون، بەڵام بەھۆی فراوانیی سنووری نێوان ھەردوو وڵات، بەردەوام کێشەی ئەمنی لەسەر سنوور ھەیە."
جێگری پارێزگاری مووسڵ دەشڵێت: "ڕاستە چەکداری داعش لە مووسڵ ھەر ماون، بەشێکیان جووڵەی سەربازی دەکەن لە ناوچەکانی حەزەر و گەیارە و ناوچەکانی دەوروبەری مووسڵ، بەڵام لەنێو مووسڵ شانەی نوستووی داعش ھەیە و بەردەوام چاودێری دەکرێن لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە."
ڕەفعەت سمۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕۆژانە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی مووسڵەوە چەکدارانی داعش دەستگیر دەکرێن، کەچی کۆتایییان نایەت، ڕۆژ نییە سێ چوار چەکداری داعش دەستگیر نەکرێن، بەڵام بەردەوام لە خۆڕێکخستنەوەدایە و شانەکانی نێو شار ئەژمار ناکرێن، ھەرچەندە وەک ھێرشکردن لەو ماوەیەدا ھێرشی بەرفراوانیان نەبووە، بەڵام وەک خۆبەھێزکردن و دانانی پیلانی تیرۆریستی لە دەرفەت دەگەڕێن."
قائید میرۆ




