پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی بەستنی چوارەمین كۆنگرەی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی بەستنی چوارەمین كۆنگرەی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی ھەڵبژێردروای ئەنجوومەنی سەرکردایەتیان دەکات.
دەقی پەیامەكە:
بەڕێزان/دەستەی ئامادەكار و ئەندامانی چوارەمین كۆنگرەی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
بە بۆنەی بەستن و بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی دادگەریی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامان و بەشداربوانی كۆنگرەكەتان دەكەین، پیرۆزبایی لە بەڕێز مامۆستا(عەلی باپیر)دەكەین كە ئەمجارەش بە سەرۆکی حزبەکەتان هەڵبژێردرایەوە، ھەروەھا پیرۆزبایی لە ئەندامانی ھەڵبژێردروای ئەنجوومەنی سەرکردایەتیتان دەکەین و، هیوادارین گۆڕانکاریەکان لە کارنامە و ناو و ناونیشانی کۆمەڵ و، پڕۆگرامی پەسەندکراوی کۆنگرە لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەم و ئەرکە قوڕسەکانی قۆناغەکەدابێت..
ئومێدەوارین بۆ قۆناغی داهاتوو رۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆتان ببینن لە پتەوكردنی یەكڕیزی و یەكگوتاری نێوماڵی كوردستانیی و بەهەموو لایەكمان هەوڵ بدەین لەو هەلومەرجە گرنگ و هەستیارەی ئەمڕۆی كوردستان دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە هەماهەنگیمان پتەوتربكەین و ئەرکە هاوبەشە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان باشتر رابپەڕێنین بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان و ئەو دەسكەوتانەی بە خوێنی رۆڵەكانی گەلەكەمان هاتوونەتە دەست.
دووبارە پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو و سەرفرازبن..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٩ـی شوباتی ٢٠٢١




