"کۆمسیۆن کارتی ھەزاران دەنگدەری مووسڵی گل داوەتەوە"
__2021_02_08_h16m35s39__ER.jpg)
مووسڵ-KDP.info- لە مووسڵ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران وەک پێویست بەڕێوە ناچێت و بەرپرسێکی پارتییش پێی وایە، ھەبوونی ڕۆتینیاتی زۆر و نەگەڕانەوەی کارتی ژمارەیەک دەنگدەر کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە دەبێت.
مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژ کراوەتەوە، بەڵام خاوییەک بە کارەکانی کۆمسیۆنەوە دیارە و چەندین کێشە و ئاستەنگ ھەن لە بەردەم دەنگدەران، لەبەر ئەوەش، پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران وەک پێویست بەڕێوە ناچێت لە سنووری نەینەوا، بەتایبەتی ژمارەیەکی بەرچاو کەمپی ئاوارە و ئاوارەی گەڕاوە لە سنووری ئێمە ھەن."
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانەوە داوای پشتگیریی کۆچ و کۆچبەرانیان لێ دەکرێت، ئەوەش کارێکی قورسە ئەو ھەموو ھێنان و بردنە بە دەنگدەر بکرێت، ھەروەھا ئامێرەکانی بایۆمەتری وەک پێویست کار ناکەن و کێشەیان تێدا ھەیە."
مەناف حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بە ھەزاران کارتی دەنگدەرانی ئاوارە ھەیە لەلایەن کۆمسیۆنەوە گل دراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان ناکرێن، ئێمە ھەست دەکەین زیاتر ئەمە وەک بابەتێکی سیاسی بەرانبەر بە دەنگدەران بەکار بێت، چونکە زۆربەیان ئەو دەنگدەرانەی ئاوارەی ھەرێمی کوردستانن کە ژمارەیان دەیان ھەزار دەنگدەر دەبێت."
قائید میرۆ




