٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هۆشداری لەبارەی داخستنی كەمپی جەدعە (5) ی تایبەت بە خێزانە داعشییەكان دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا-KDP.info- حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە تا مانگی ئاداری ئەمساڵ كەمپی جەدعەی پێنج لە پارێزگای نەینەوا دابخات، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە پشكی پارێزگای نەینەوا، هۆشداری بە حكوومەتی عێراق دەدات و ‌دەڵێت، داخستنی كەمپەكە و گەڕانەوەی خێزانە داعشییەكان، دەبێتە مایەی مەترسی بۆ سەر شاری مووسڵ و پێویستە حكوومەتی عێراق بڕیارەكە ڕابگرێت.

شێروان جەمال دووبەردانی،‌ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشكی پارێزگای نەینەوا، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە تا مانگی 3ی ئەمساڵ كەمپی جەدعە (5) لە سنووری پارێزگای نەینەوا دابخرێت، كە تایبەتە بە خێزانە داعشییەكان، بەبێ هیچ پلانێكیش دەیانەوێت خێزانەكان دەربكەن كە ژمارەیان هەزار و 226 خێزانن و خەڵكی باشوور و رۆژئاوای مووسڵن و زانیاریمان هەیە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناو مووسڵ."‌

دووبەردانی ڕاشیگەیاند: "ئەو خێزانانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە سەلمێنراوە كە خێزانی داعشن، ئێستاش لە شاری مووسڵین و دەمانەوێت پەیامی خۆمان بگەیەنین بە حكوومەتی عێراق، كە مووسڵ تووشی مەترسیی زیاتر نەكەن و عەشیرەتەكانیشیان قەبووڵ ناكەن بگەڕێنەوە،‌ لە شاری ئەنباریش دوو كەمپی تایبەت هەیە بە خێزانی داعشییەكان، بۆچی لەو شارە داناخرێت، بەڵام لە مووسڵ دایدەخەن."

ناوبراو گوتیشی: "داواكاریی خۆمان پێشكەش بە حكوومەتی عێراق دەكەین، كە ئەم بڕیارە ڕابگرێت لەبەر بارودۆخی مووسڵ و كۆتایی بەو مەلەفە بێنن، چونكە حكوومەت هیچ بەرنامەی نییە ئەو خێزانە داعشیانە ڕەوانەی ناوشار دەكات، كە دەبنە مەترسی بۆ سەر شارەكە و هەرێمیش، لەو رۆژانەشدا تیرۆریستانی داعش هێرش و چالاكییان زۆر بووە، بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دیالە و خانەقین و سەڵاحەددین و، لە بەغداش تەقینەوەیان ئەنجام دا".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار