د. ناسر ھەركی: نەبوونی ھەماھەنگی لە نێوان ھێزەكاندا، ھۆكاری زیادبوونی جموجۆڵی داعشە

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نەبوونی ھەماھەنگی لە نێوان ھێزەكاندا، ھۆكاری زیادبوونی جموجۆڵی داعش و تەقینەوەكانە، بۆیە ئەگەر چارە نەكرێت، رەنگە داعش تەقینەوەی گەورەتر لەوەی بەغدا ئەنجام بدات، چونكە داعش وەكو رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بوونی ھەیە و رێكخستنەكانیشیان زیادی كردووە.
د. ناسر ھەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەكو لیژنەی ئاسایش و بەرگری، بانگھێشتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان و فەرماندەی پۆلیسی ئیتیحادی و بەڕێوەبەری ئەمنی و بەڕێوەبەری ھەواڵگریمان كرد و لە كۆبونەوەیەكدا تاوتوێی تەقینەوەی ئەمجارەی بەغدا و زیادبوونی جموجۆڵی داعش لە عێراق كرا، بۆیە ویستمان بزانین ھۆكارەكان چین و تێبینیمان لەسەر گۆڕانكارییەكانیش ھەبوو، كە بێ دیراسەت بوو، لەبەر ئەوەی پێویستە كە بەرپرس لابدرێت، ھۆكاری ھەبێت، ئەگەر كەموكوڕی ھەبێت، لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت، ئەگەر نا ناكرێت باس بكرێت و سێ سەعات گفتوگۆمان كرد".
ھەركی گوتیشی: "بۆمان ڕوون بووەوە كە رێكخستنی داعش ھەن و لایەنگریان لە ھەموو شوێنێك ھەیە و ھۆكاری سەرەكیی زیادبوونی كردەوە و جموجۆڵی داعش، نەبوونی ھەماھەنگییە لە نێوان ھێزە ئەمنییەكاندا، چونكە داعش وەكو رێكخراوێكی نێودەوڵەتی ھەیە و تەقینەوەكەی بەغداش دەنگی دایەوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەگەر چارەسەری دۆخی ئەمنی نەكرێت، رەنگە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش تەقینەوەی زۆر گەورەتر لەوەی بەغدا ئەنجام بدەن.
بڵند ئیبراھیم




