میلیشیا ئیرانییەکان هۆکاری سەرەکیی وێرانکاریی ناوچەکەن

هەولێر-KDP.info- شارەزایانی سیاسیی ناوچەکە دەڵێن، ئەو ئارامییەی لە ناوچەکە هەیە تەنیا هی هەرێمی کوردستانە، میلیشیا ئیرانییەکان هۆکاری خراپکاری و وێرانکاریی ناوچەکەن، هەر ناوچەیەکی ئەوان ڕوویان تێ کردبێت، وێرانکاریی لێ کەوتووەتەوە، کەچی ناوچەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە ئازادن و خەڵکی جۆراوجۆر و پێکهاتەی جودا جودایان تێدا دەژی.
سەرۆک بارزانی تاکە سەرکردەی ناوچەکەیە لەگەڵ هێزەکەی لە بەرەکانی جەنگ شەڕێ دەکرد بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی نەکەوێتە بەر هەڕەشەی لەنێوچوون و توانیی ئوستوورەی داعش لەسەر دەستی خۆی بشکێنێت، بۆیەش سیاسەتمەداری دیاری عێراقی، میسال ئالووسی دەربارەی ئەو هەڕەشانەی لە سەرۆک بارزانی دەکرێن دەپرسێت، "ئێوە بۆچی ئەوەندەتان ڕق و کین لە بەرانبەر سەرۆک بارزانی هەڵگرتووە؟ دنیا هەمووی دەزانێت سەرۆک بارزانی تاکە سەرکردەی ناوچەکەیە خەڵک دەتوانن بە ئارامی و بە ئازادی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیدا بژین، کەچی خەڵکی وەڵاتانی دیکە ڕوو لە هەموو دنیا دەکەن بۆ ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی وەڵاتەکانیان نەمێنن."
دەشڵێت: ''ئیران لە مێژوودا خەڵکەکەی خۆی لە سەرکەوتن و ئازادی و داهینانی ئەدەبی و هۆنەری بێبەش کردووە و ئێستا دیارە خەڵک لەژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژێمەدا چ ستەمێکیان لێ دەکرێت، خەڵک دەترسن داوای مافەکانیان بکەن، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران بە توندوتیژی لێیان دەدەن.''
خەڵکی کوردستان بە ئازادی دەژین و لە هەرێمێکی دیاردا بە ئازادی داوای مافەکانیان دەکەن. ئالووسی ئاماژەی داوە بەوەی کە ''لە کۆنەوە دەسەڵادارانی ئێران خەڵک سەرکۆت دەکەن و هیچ مافێک بە بەرانبەرەکەیان نادەن و لە کۆنەوە لە دژی کورد جەنگیون، کۆماری کوردستان لە مەهاباد نموونەیەکی دیارە، ئێستاش ئەو ڕژێمە بەردەوامە لە کردەوە خوێناوییەکانی دەرحەق بە خەڵکی کورد؛ وەک ڕفاندن و کوشتن و لەسیدارەدانی خەڵک."
ئێستا ئیران گەیشتوونە نێو هەناوی عێراق و هەموو ئەو ناوچانەی ئەوانی لێیە؛ لە شنگال و کەرکووک و خانەقین و دەشتی نەینەوا، هەمووی وێرانکارییە، بۆیەشە هۆشەنگ تاجر، شارەزا لە سیاسەتی ئێران دەڵێت: "ئامانجی سەرەکیی ئێران دوای شۆڕشی ئیسلامی دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی شیعی بوو، ئامانجێکی تریان دروستکردنی گرووپی چەکداری بوو لە دەرەوەی سنووری ئیران، بە تایبەت لە لوبنان، هەروەها ئامانجیان دروستکردن و بەهێزکردنی هێژمۆنی و نفووزی خۆیان بوو بە تایبەت لە دوای ٢٠٠٣ لە لوبنان و یەمەن و سووریا و دروستکردنی هێزی چەکداری و ئەوان دەیانەوێت شیعە لە هەموو شوێنێک ڕێک بخەن.''
دەشڵێت: "دەستوەردانی ئێران لەم ٤٠ ساڵەی دواییدا لە ناوچەکە زیانی گەورەی هەبووە، سوپای پاسداران چەندین پارەی زەبەلاحی خەرج کردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بە تایبەت لە عێراق و سووریا."
''هەر شوێنێکی ئێران دەستی پێی گەیشتبێت زیانی گەورەی پێ گەیاندووە، بە تایبەت لە سەردەمی دوای گۆڕینی سیستمی شاهەنشاهی بۆ کۆماری، ئیران کاری لەسەر ئەوە کار کردووە لە دەرەوەی سنووری جوگرافیی خۆی ئاڵۆزی بنێتەوە و ئەمەریکا و وەڵاتانی تری پێوە سەرقاڵ بکات، لە سەردەمی ئۆبامادا ئیران توانیویەتی پارەیەکی زەبەلاح پەیدا بکات، بەڵام لە سەردەمی ترامپدا زیانی گەورەیان بەرکەوت، ئەگەر ئیدارەی ئەمەریکا سزای توند بەسەر ئیرانییەکاندا نەسەپێنێت، ئەوە وێرانکاریی خراپتر بە دوای خۆیاندا دێنن.'' هۆشەنگ وا دەڵێت.
کــاروان بــاعەدری




