مەموزینی: جموجۆڵی داعش بە شێوەیەكی بەرچاو لە مووسڵ زیادی كردووە و دۆخەكە خراپە

مووسڵ-KDP.info- كارگێڕی لقی١٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ رایدەگەیەنێت، جموجۆڵی داعش لە شاری مووسڵ بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و دەستیان بە ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی كردووە و ھێزە عێراقییەكانیش بە ھۆی لاوازی و نەبوونی ھەماھەنگییەوە، ناتوانن ئەمنیەتی شارەكە بپارێزن، بۆیە دۆخەكە خراپە و داعش بووەتە مەترسی بۆ سەر مووسڵ.
سەعید مەموزینی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و ھاتوونەتە ناوچەكانی مەخموور و حەزەر و دەوروبەری مووسڵ و لە ناوچەی دورە كردەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە، لاوازیی ھێزە ئەمنییەكان و نەبوونی ھەماھەنگی لە نێوان ھێزەكاندا، وای كردووە كە داعش زۆر بەھێز ببێتەوە و جارێكی دیكە لە مووسڵ سەرھەڵبداتەوە.
مەموزینی گوتیشی، لەناو مووسڵ داعش شانەیەكی زۆری نوستووی ھەیە و ئێستا ئەوانیش دەستیان بە جموجۆڵ كردووە و بوونەتە مەترسیی جیددی بۆ سەر شاری مووسڵ، چونكە ژمارەی چەكدارانی داعش لە مووسڵ زۆر بووە.




