پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی

بەڕێزان/ سەرپەرشتیاری گشتی و ستافی بەڕێوەبردنی دەزگای سەتەلایتی كوردستان..
بەبۆنەی(22) هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانیی كوردستان(Ktv)گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و سەرجەم کادیر و کارمەندان و بینەرانی ئازیزی كەناڵەکەتان دەكەین و، هیوای بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
كەناڵی ئاسمانی كوردستان، كە بە بڕیار و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی دامەزرا، هەمیشە خاوەن پەیامی روون و راستگۆیانەی خۆی بووە و لەو تەمەنە پڕ بەخششەی توانیویەتی بە بەرنامە و پلانێكی رێكوپێك و بەگیانی بەرپرسانە و دڵسۆزانە خزمەت بە دۆزی رەوای گەلەکەمان بكات.
كەناڵی ئاسمانی كوردستان، بە هەوڵ و كۆششی بێوچانی بەرپرس و میدیاكارانی، پیشەوەرانە مامەڵەی لەگەڵ بابەت و هەواڵ و رووداوەكاندا کردووە و، لە خزمەتکردن و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بۆ ھێنانەدی خواست و ویستی بینەران و هاووڵاتیان دریغی نەکردووە.
رۆڵ و كاریگەری میدیا لەو رەوشە هەستیار و گرنگەی ئەمڕۆماندا زۆر بایەخدارە، بەتایبەتیش میدیای بینراو، دیارە لەو رووەوەش (Ktv) هەمیشە شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی لەخۆبردووانە و ماندوونەناسانە بە ئەركی پیرۆزی خۆی هەستاوە كە مایەی رێز و دەستخۆشیە.
لەم یادەدا جەخت لەسەر گرنگی ئەركی ئێوە و گشت كەناڵەكانی دیكەی میدیایی دەكەینەوە كە بەوپەڕی راستگۆیی و پیشەوەرانە و خەمخۆرنە لە ئاست بەرپرسیاریەتی سەرشانتاندابن بۆ خستنەڕووی كێشە و كەموكوڕیەكان و، ھاوکات قووڵكردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی و یەكڕیزی لە ناو كۆمەڵگەی كوردستانیدا.
جارێكی دیكە وێرای سوپاسگوزاری و دەسخۆشیمان پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی دەزگاكەتان وەك دامەزراوەیەكی میدیایی هاوچەرخ و پرۆفیشناڵ دووپات دەكەینەوە و، ئومێدەوارین هەر لەپێشكەوتن و سەركەوتندابن.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ـی١ـی٢٠٢١




