پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی جەژنی (رۆژوو)ی ئێزدیان

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی جەژنی (رۆژوو)ی ئێزدیان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی خوشك و برایانی ئیزدی دەكات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی (رۆژوو)ی خوشك و برایانی کوردی ئێزدی، گەرمترین پیرۆزبایی لە كەسایەتی و شێخانی ئێزدی و ئەنجوومەنی رووحانی و سەرجەم ئێزدیان لە كوردستان و جیهان دەكەین و، هیوادارین ئەو جەژنە و گشت جەژن و بۆنەكانتان لە سایەی ئازادی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بە خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك بگەڕێـتەوە و مایەی دڵنەوایی و ئارامیی و موژدەی كۆتایی هێنانی ناخۆشی و دەردەسەریەكانی پێبێت.
لەم بۆنەیەدا وێڕای پیرۆزبایی و بەردەوامبوونمان لەسەر ھەوڵ و ھەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، پاڵپشتی بەردەوامی پارتیمان و سەرۆك مەسعود بارزانی دووپات دەكەینەوە بۆ پاراستنی كوولتوری رەسەنی ئێزدیاتی و زیاتر ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەکانتان و، پەرەپێدان و پێشكەوتنی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان و تەبایی لای گشت پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیی.
جارێكی دیكە جەژنتان پیرۆزبێت و ئومێدی بەختەوەریی و خۆشگوزەرانیتان بۆ دەخوازین..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٨ـی١٢ـی٢٠٢٠




