١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

مەحمود محەمەد: لەم نزیکانە سەرۆک بارزانی بە فەرمی سەردانی روسیا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-تابەت بە  KDP.info / دوێنێ سەرۆک بارزانی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان کۆبۆوە، تاکو لە نزیکەوە بیرورا دەربارەی دواین رووداو و پێشهاتەکانی عێراق بگۆڕنەوە، هەرچەندە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بێ هۆکار ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتیش دەڵێت کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئیجابی بەرێوەچوو، گۆران و کۆمەلیش بە فەرەمی داوەتی کۆبوونەوەکە کرابوون، بەڵام بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک بدەن دوێنێ بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.

دوای ئەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بڕیاری دا بەردەوام بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیرورا دەربارەی مەسەلە گرینگ و کوردستانییەکان بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆبێتەوە، مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ      KDP.info رایگەیاند: ئەم کۆبوونەوەی دوێنێ لەسەر بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق و رووداوەکانی شارە عەرەبە سونە نشینەکان بوو، کە رۆژ بەرۆژ کێشەکانیان لە هەڵکشان دایە. سەرباری باسکردنی کۆی هەڵومەرجی سیاسی عێڕاق. هەروەها لێکۆلێنەوە لەمەڕ وەڵامی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) کرا، ئەمەش تایبەت بوو وەڵامی نامەی لایەنە کوردستانییەکان کە پار ئاراستەی هاوپەیمانی نیشتیمانیان کردبوو. لەم کۆبوونەوەیەدا ئاماژە بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی و ئیدارەکردنی عێراق کرا.

ئەم سەرچاوەیە گوتی: لە خالێکی دیکەدا باسی سەردانی شاندەکانی دەرەوەی کوردستان و هاتنی لیستی عێراقییە و شاندێکی پشتیوانی مەرجەعی شیعیە لە نەجەف و بالوێزی ئەمەریکا بۆ کوردستان کرا، سەرباری ئەوانەش باسی سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆک بارزانی بۆ روسیا کرا، کە بەفەرمی داوەتکراوە و لەم نزیکانە سەردانەکە ئەنجام دەدرێت.

مەحمود محەمەد دەربارەی بەشداری نەکردنی گۆڕان و کۆمەڵ لە کۆبوونەوەکە گوتی:  هەردوو لایەن بە فەرمی داوەت کرابوون، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێکیان بۆ بەشداری نەکردنەکە نەبوو، بەڵام پێدەچێت وەکو لە کۆبوونەوەکە ئاماژەی پێکرا نەهاتنەکەیان وابەستە بێت بە پرۆژەی بودجە لە پەرلەمانی کوردستان. بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە زۆر پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشداری لەم کۆبوونەوانە بکەن بۆ ئەوەی بەشداری لە بیروراو  بڕیارەکان بکەن، کە تایبەت دەبن بە هەڵومەرجی سیاسی عێراق و مەسەلە گرینگەکانی دیکە. 

هەواڵی پەیوەندیدار