٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

''نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق لەژێر ھەڕەشەدان''

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە متمانە بە نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا بهێنیت کە حکوومەتی عێراق دەتوانێت بیانپارێزێت، ئەو نێردانەش ''هۆشدارییان داوەتە حکوومەت کە لەژێر هەڕەشەدان''.

بە گوتەی شارەزایانی ستراتیژی، سیناریۆی ''مەترسیدار'' دێنە بەردەم ئەم حکوومەتە ئەگەر نەتوانێت نێردە دیپلۆماسییەکان بپارێزێت و، پێویستیشە میلیشاکان ''تەسفیە'' بکرێن، ئەمانەش بۆ کابینەکەی کازمی چەند بژاردەیەکی قورسن.

سەرۆکی ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لە ئۆستراڵیا دەڵێت: ''عێراق تاکە وڵاتە کە تێیدا باڵیۆزخانەکان دەکرێنە سەربازگە و رێکخراوەی بەرگری، نێردە دیپلۆماسییەکانیش هەمیشە لەژێر هەڕەشەدان ''

'' ئێستا بابەت تۆڵەکردنەوەیە''

ئەحمەد ئەلیاسری، لێکۆڵەری تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناڤین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''میلیشیاکان دەیانەوێ ئامانجەکانیان جێبەجێ بکەن و ''تۆڵەی'' خۆیان بکەنەوە لەو باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییانە، بەتایبەتیش لە ئەمەریکا، چونکە ئەمانە پێشتریش بوونەتە هەڕەشە لەسەریان."

گوتیشی: ''هەرچۆنێک بێت ئەو گرووپە میلیشیایانە دەیانەوێ شەرعیەت بە خۆیان بدەن و ''سەرووی'' خۆیان لە خۆیان رازی بکەن، عاتیفەی شەقامی بەدەست بهێنن و لە راستیدا ئەمە لە ستراتیژیی سەربازییدا جیگای نابێتەوە، چونکە حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنی سیاسی و ستراتیژیی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە."

پێشتریش ٢٥ باڵیۆزخانە لەگەڵ کازمی کۆ بوونەوە، کازمی پێیانی راگەیاند، ئەو هێرشانە تەنیا لەسەر نێردە دیپلۆماسییەکان نییە، لەسەر خەڵکی سڤیلی عێراقیشە و هێزگەلی لەیاسادەرچوو دەیانەوێ سومعەی عێراق خراپ پێشان بدەن."

''نامەی نوێ لە میلیشیاکانەوە''

"خاکی عێراق هەمیشە بەکار هاتووە بۆ هێزە بیانییەکان و وڵاتانی تر، مووشەکبارانکردنی نێردە دیپلۆماسییەکان، نامەی نوێن لە میلیشیاکانەوە بۆ حکوومەتی نوێی ئەمەریکا''. یاسری وای دەڵێت.

لە لایەکی ترەوە یاسری وا دەبێنێت کە عێراقییەکان بەرەو کەرنەڤاڵی هەڵبژاردن دەچن، ئەو میلیشیایانە دەیانەوێت بە زۆر ڕەوایەتی بە خۆیان بدەن، چونکە ئەو هێزانەی پێشتر فەشەلیان هێناوە، تەنیا لە ڕێگای میلیشاکانەوە دەیانەوێت عاتیفەی ئایینی بەدەست بهێنن.

چەندین جارە لە ناوچەی سەوزی بەغدا باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی جیهان دەوکە ژێر هەڕەشە و پێش چەند رۆژێکیش میلیشیاگەلی بەدەر لە یاسا ناوجەی سەوزیان بە مووشەکی کاتیۆشا موشەکباران کرد کە منداڵیک کوژرا و ٥ کەسی تریش بریندار بوون."

لە لەندەنی پایتەختی بریتانەوە، موجاهید سومەدیعی، لێکۆلەری ناوەندی ئەورووپا بۆ توێژینەوە دژەتیرۆریستی و هەواڵگیرییەکان، دەڵێت، شەڕی ئەمەریکییەکان و میلیشیاکانی نێو عێراق بەردەوامە و میلیشیاکان وا خۆیان دەردەخەن کە ئێمە ماوین."

سومەیدیعی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو مووشەکبارانەی لە ناوچەی نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا نامەیەک بوو بۆ دۆناڵد ترامپ کە لە دواڕۆژی سەرۆکایەتیدایە، بەو واتایەی کە ئێمە بەردەوامین و هیچ سەرۆک و هێزیكی دنیا ناتوانێت ئێمە بوەستێنیت."

دەشڵێت: ''حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا و بریتانیا و باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش دەزانێت کێ ئەم کردەوانە دەکات و لە کوێوە دێن و دەشزانن ئەم مووشەکە دروستکراوی کوێیە، حکوومەتی عێراقیش زۆر ''تەنگاو بووە'' بەم کردەوانە و عێراقیش کەوتووەتە کێشەی گەورەی نێوخوییەوە و هیشتا ڕانەگەیەشتووە بەوەی کە کێشە دەرەکییەکان چارەسەر بکات."

 

کــاروان بـــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار