ترەمپ دەڵێ بردوومانەتەوە و بایدنیش دەڵێ ماویەتی

ئەمریکا-KDP.info- دۆناڵد ترەمپ لە تویتەر دەڵێت، سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێناوە، بەڵام دیموکراتەکان دەیانەوێت دەنگەکان بدزن. جۆ بایدنیش رایدەگەیێنێت، دەبێت چاوەڕوان بین و ئارام بگرین تاوەکو دوا دەنگی هەڵبژاردن.
سەرجەم بنکەکانی دەنگدان لە ئەمریکا داخراون و جیاکردنەوەی ئەنجامی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوامەوە.
تاوەکو ئێستا 40 ویلایەت یەکلایی بووەتەوە و 10 ویلایەتیش ئەنجامی دەنگەکانی رانەگەیاندووە، دوایین ویلایەتیش کە راگەیێندرا فلۆریدا بوو و دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان سەرکەوتنی بە دەستهێنا و 29 کورسی لەو ویلایەتە بەدەستهێنا.
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان تاوەکو ئێستا 223کورسی بەدەستهێناوە. هەروەها جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان 223 کورسی بەدەستهێناوە.
دۆناڵد ترەمپ لە ژمارەیەک لە ویلایەتە ناجێگیرەکان پێش جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکان کەوتووە و لە سێ ویلایەتیش سەرکەوتنی مسۆگەر کردووە.
هەرچەندە بەپێی دەنگی گشتی تاوەکو ئێستا جۆ بایدن پێش ترەمپ کەوتووە، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنی ترەمپ لە ویلایەتە جۆلانەییەکاندا، سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ ئەگەرێکی زیاترە.
لە فلۆردیا، کە یەکێکە لە ویلایەتە گرنگەکان و هەمیشە کاریگەریی لەسەر براوەی هەڵبژاردن دەبێت، دوای جیاکردنەوەی زیاتر لە ٪99ی دەنگەکان، دۆناڵد ترەمپ 51.2%ـی بەدەستهێناوە و لەبەرامبەردا جۆ بایدن 47.9%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەمەش ترەمپ هەر 29 کورسییەکەی فلۆریدا بردووەتەوە.




