٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانتارێک: دادگای فیدراڵ توانای بڕیاردانی نەماوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەھۆی کەمیی ژمارەی ئەندامانییەوە دادگای فیدراڵی توانای بڕیاردانی نەماوە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، پڕۆژەیاسایەک بۆ دادگای فیدراڵی ئامادە کراوە و کۆتلەکانی نێو پەرلەمان لەسەر ژمارەی ئەندامانی دادگاکە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

شیروان جەمال، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی ئەندامێکیان دەستی لەکار بەر داوە و ڕۆژانی ڕابردووش ئەندامێکی دیکەیان کۆچی دواییی کردووە، ئەوەش ھۆکارە بۆ ئەوەی دادگای فیدراڵی ئێستا ناتوانێت بە ٧ ئەندام ھیچ بڕیارێک بدات و ھەر پرسێک بچێتە دادگای فیدراڵی یەکلا ناکرێتەوە."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت: "ھەر پرسێکی یاسایی و دەستووری ناکۆکیی لەسەر بێت ئەوە پێویستی بە بۆچوونی دادگای فیدراڵییە و تەنیا دادگای فیدراڵی دەتوانێت یەکلای بکاتەوە، پەککەوتنی دادگاکە کاریگەریی دەبێت لەسەر یەکلانەکردنەوەی کێشە دەستووری و یاساییەکان.

شیروان جەمال ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەیەک لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ئامادە کراوە و بڕیارە دوای یەکلاکردنەوەی بازنەی ھەڵبژاردنەکان بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ھێشتا کوتلەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ژمارەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی چەند ئەندام بێت، ئەگەر ھەیە زیاد بکرێت بۆ ١١ ئەندام و ھەندێ بۆچوونیش ھەن کە دەڵێن ژمارەکە لەوەی ئێستا کەمتر بکرێتەوە."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار