٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"حکوومەتی عێراق کەمپەکانی ئاوارەکانی شەڕی داعش دادەخات"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لەسەر بڕیاری حکوومەتی عێراق کەمپەکانی ئاوارەی شەڕی دادەخرێن و جێگری پارێزگاری مووسڵیش دەڵێ، تەنیا لە ھەرێمی کوردستان ھێشتا ٢٢ کەمپی ئاوارەکانی مووسڵ ماون و بەھۆی نائارامی ناتوانن بگەڕێنەوە.

ڕەفعەت سمو، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری گرتنی کەمپەکان دەرچووە، بەڵام کێشەی سەرەکیی گرتنی کەمپەکان، ئەو کەمپانەن کە خێزانی چەکدارانی داعشیان تێدایە؛ وەک کەمپی حەمامعەلی، ئەو کەمپە تایبەتە بە خێزان و منداڵانی داعش و نازانین بۆ کوێیان بەرین ئەگەر کەمپەکە دابخەین، چونکە ھێشتا فکری داعشیان لا پەسەندە و ناکرێت تێکەلی خەڵکی ئاسایی بکرێن."

لەسەرەتای شەڕی داعشەوە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراق ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و پشکی شێری ئاوارەکانیش خەڵکی پارێزگای نەینەوا بوون.

لەبارەی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان جێگری پارێزگاری مووسڵ دەڵێت: "ئێمە ٢٢ کەمپی ئاوارەکانمان لە ھەرێمی کوردستانن، ئەوانیش کێشەیان ھەیە، چونکە ئەوانەی خەڵکی شنگالن بە ھۆکاری ئەمنی ناتوانن بگەڕێنەوە و چەندین ھێزی نافەرمی لە شنگال ھەن و خەڵک بە ناوچەیەکی گونجاوی نازانن بۆ گەڕانەوە، ئەوانە ھەموو کێشەن بۆ ئێمە وەک ئیدارەی مووسڵ."

ڕەفعەت سمو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سێ بنکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان کراونەتەوە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە و ژمارەیەک بنکەی دیکەش لەلایەن کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە کراونەتەوە، بەڵام تا خەڵکی ئاوارە قەرەبوو نەکرێنەوە زەحمەتە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان، لەبەر ئەوەی بەشێکیان خانوویان خاپوور کراوە و پێویستیان بە شوێنی نیشتەجێبوونە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار