سەركردەیەكی سوننەكان: پێویستە میلیشیاكان لە عێراق خۆیان یەكلا بكەنەوە

بەغدا-KDP.info- سەركردەیەكی سوننەكان دەڵێ، پێویستە ھێزە میلیشیاكان لە عێراق خۆیان یەكلا بكەنەوە، كە ئایا كار بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی دەكەن، یاخود بۆ عێراق، ئەگەر بۆ عێراق بێت، پێویستە سیاسەتی حكوومەتی عێراق جێبەجێ بكەن، نەك دژی بن وەكو ئەوەی ئێستا ھەیە.
دكتۆر عەلا مەكی، سیاسەتمەدار و سەركردە لە ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراقی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، حكوومەتی عێراق ھاوكاریی ھێزە میلیشیاكان دەكات و پێویستە سیاسەتی حكوومەتی عێراقیش جێبەجێ بكەن، نەك كار بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی بكەن، وەكو ئەوەی ئێستا كە دەبینین چۆن پشێویی ئەمنییان لە عێراق دروست كردووە.
مەكی گوتیشی: "پێویستە ملیشیاكان لەلایەن حكوومەتی عێراق یەكلا بكرێنەوە و چیتر رێگەیان پێ نەدرێت ھەرچی وستیان بیكەن و بە ئارەزووی خۆیان دژی وڵاتانی ھاوپەیمانی عێراق بوەستنەوە، چونكە ئەوانە دۆستی عێراقن و ھاوكاریی ئەو وڵاتەیان كردووە، بە تایبەت ئەمەریكا كە رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا ھەیە و من خۆم كاتی خۆی لەو رێككەوتنەدا بەشداریم كردووە، بۆیە ناكرێت ئێستا ئەو ھێزانەی میلیشیان بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی بێن كێشە بۆ عێراق دروست بكەن و رۆژانە مووشەك ئاراستەی نوێنەرایەتیی ئەوان بكەن، بۆیە تا ئەو ھێزانە یەكلا نەكرێنەوە، دۆخەكە خراپتر دەبێت و بەرەو باشتر ناچێت".
بڵند ئیبراھیم




