كۆچەر: كەس ئامادە نەبوو ٥ ملیار دۆلار بەقەرز بە عێراق بدات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بە ھۆی ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ دواكەوت، بڕیارە حكوومەت تەنھا پڕۆژەیەك رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ ئەوەی ٢٧ملیار دۆلار قەرز بكات، چونكە كەس ئامادە نەبوو ٥ ملیار دۆلاری بەقەرز پێ بدات، ئێستاش كێشەی نەدانی مووچەی بۆ دروست بووە، ھەر بۆیە تا ئێستا نە مووچەی خۆیان داوە و نە مووچەی ھەرێمیشیان رەوانە كردووە.
جەمال كۆچەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا حكوومەت داوای كرد ٥ ملیار دۆلار بۆ مووچە قەرز بكات و لە پەرلەمانیش دەنگی لەسەر درا، بەڵام كەس ئامادە نەبوو قەرزیان پێ بدات، بۆیە ئێستا كێشەی مووچە بۆ عێراق دروست بووە، لەبەر ئەوەش حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی لە پەرلەمان كێشایەوە و رەنگە ئەمساڵ بودجە نەبێت و تەنھا پڕۆژەیەك رەوانەی پەرلەمان بكەن بۆ ئەوەی ٢٧ملیار دۆلار قەرزی ناوخۆیی بكەن، تا مووچە دابین بكەن، چونكە حكوومەت ئێستا كێشەی مووچەی ھەیە و تائێستا مووچەی نەداوە و رەنگە ھەفتەی داھاتوو مووچە دابەش بكات.
جەمال كۆچەر گوتیشی، ئەگەر حكوومەتی عێراق ٢٧ملیار دۆلار قەرز بكات، پشكی ھەرێمی كوردستانیشی تێدا دەبێت كە مانگانە لەو پارەیە ٣٢٠ملیار دینار بۆ ھەرێم رەوانە دەكەن بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ھەرێم و بەغدادا كراوە.
دەشڵێ، چاوەڕێ دەكرێت دوای دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی خۆی، حكوومەتی عێراق ٣٢٠ملیار دیناری ھەرێم رەوانە بكات، چونكە پابەندە بە ناردنی پارەكە.
بڵند ئیبراھیم




