پرسەنامەی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەر (بارزان مەلا خالید)

بەڕێزان/ خانەوادەی كەسایەتی نیشتیمانپەروەر و هەڤاڵی تێكۆشەر(بارزان مەلاخالید)
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی شۆڕشگێڕ و كادیر و پێشمەرگەی دێرین و هەڤاڵی تێكۆشەر(بارزان مەلاخالید)مان پێگەیشت، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و ھەڤاڵانی خوالێخۆشبوو و بنەماڵە کوردپەروەرەکەتان دەكەین و خۆمان بە هاوبەش و شەریكی خەمتان دەزانین.
هەڤاڵی خوالێخۆشبوو(بارزان مەلا خالید) كەسایەتیەكی ناسراو و كادیرێكی دێرینی پارتیمان بوو، هەروەها پەروەردەی خانەوادە و بنەماڵەیەكی نیشتیمان پەرورە بوو، لەساڵی 1944 لە گوندی مورتكەی سەر بەپارێزگای هەولێر لەدایك بووە و، لە ساڵی 1966 پەیوەندی بە شۆڕش مەزنی ئەیلوول دەكات، دواتر لەبواری راگەیاندندا كاردەكات وەك ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری(سەفین)ئۆرگانی لقی دووی پارتیمان و، لە ئێزگەی دەنگی كوردستان_یش بە دەنگ و سەدای کوردانەی بەردەوامدەبێ لە جۆشدانی تێکۆشان و خەباتی رەوای گەلەکەمان و وەک بێژەر و پێشمەرگە و راگەیاندنکارێکی لێھاتوو رۆڵی بەرچاو خۆی دەگێڕێ..
خوالێخۆشبوو، پێشمەرگی دێرین و كەسایەتیەكی خاوەن هەڵوێست و دڵسۆز و وەفادار بوو بەرامبەر رێبازی پیرۆزی بارزانی و كاروانی شۆڕش و خەباتی نەپساوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان، لەو پێناوەشەدا دڵسۆزانە و خەمخۆرانە لە خزمەت و تێكۆشان بەردەوام بووە، بۆیە لەدەستدانی زیانێكی گەورەیە.
هەڤاڵی خوالێخۆشبوو كەسایەتیەكی چالاكی بواری رۆشنبیریی و راگەیاندن بوو و خزمەتێكی زۆری بزاڤی رۆشنبیریی و نووسەر و ئەدیب و رۆشنبیرانی كردووە و، پاش راپەڕینی گەلەکەمان لە بەھاری ساڵی ١٩٩١ و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین بەرپرسیاریەتی حزبی و حكومی پێ سپێرداوە كە توانیەتی سەركەوتوانە و لەخۆبردوانە و دڵسۆزانە بەئەنجامیان بگەیەنێ لەوانە: لە ساڵی 1992 كارگێڕی لقی دووی پارتیمان بوو و، لە ساڵی1993 بەشداری لە كۆنگرەی یانزەدا دەكات و دەبێـتە ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان و، پاشان بە ئەندامی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان ھەڵدەبژێردرێت و دواجاریش بریكاری وەزارەتی رۆشنبیریی و راگەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو.
هیواخوازین هاوخەمیی هەڤاڵانی و ھاوسەنگەرانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێكۆشەرەكەتان و لە خە م و خەفەتتان كەم بكاتەوە.
دووبارە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و جێگای هەڤاڵی كۆچكردوویشمان بەهەشتی بەرین بێت...
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٦ـی٨ـی٢٠٢٠




