بڕیارە تا مانگی ١٠ پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكرێت

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بڕیارە تا مانگی ١٠ی ئەمساڵ حكوومەت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات و، لە كاتی ئامادەكردنی بودجەشدا ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا دانوستان دەكەن، بۆ ئەوەی بەشی ھەرێم دیاری بكرێت و لە بودجەدا جێگیر بكرێت.
دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پێویستە حكوومەتی عێراق دەست بە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بكات، كە بڕیارە تا مانگی ١٠ی ئەمساڵ پڕۆژەیاساكە بگاتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی گفتووگۆی لەسەر بكرێت و دواتریش دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، ئەم رێككەوتنەی كراوە، بووە ھۆی ئەوەی گرژی لە نێوان ھەرێم و بەغدا نەمێنێت و لە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتووشدا، ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا دەست بە دانوستان دەكەن، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن و پشكی ھەرێمی كوردستان دیاری بكرێت و لەسەری رێككەوتن بكرێت و جێگیر بكرێت، تا لەمەودوا بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە بەشە بودجەی ھەرێم رەوانە بكرێت، كە تا ئەوكاتەش ئەو بڕەپارەیەی ئێستا رەوانە دەكرێت، بەردەوام دەبێت.
حەداد دەشڵێ، بڕیارە بەپێی دەستور ھەردوو حكوومەت دانوستان بكەن و كێشەكانیش لەسەر ئەو بنەمایە چارەسەر بكرێن.
بڵند ئیبراھیم




