جێگری پارێزگاری مووسڵ: ھەر گوندێك چەكدار و میلیشیای خۆی ھەیە

مووسڵ-KDP.info- نەبوونی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاریی ژیان، چنگی بە دانیشتووانی مووسڵ ھەڵچنیوە، جێگری پارێزگاریش دەڵێ، ئەو ھێزانەی لە مووسڵن، حەشد و میلیشیان رەوشی مووسڵیان خراپتر كردووە.
رەفعەت سمو، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی مووسڵ لە ڕووی ئەمنییەوە ھەندێك باشتر بووە، بەڵام جووڵەی چەكدارانی داعش لە دەوروبەری مووسڵ وەك خۆیەتی و زیاتر ئەو ھێزانەی سەر بە حەشد و میلیشیان رەوشەكەیان ئاڵۆز كردووە، چونكە چەندین جۆر ھێز لە مووسڵ ھەن و كار گەیشتووەتە ئەوەی ھەر گوندە و حەشد و چەكداری تایبەت بە خۆی ھەبێت".
جێگری پارێزگاری مووسڵ دەڵێت: "ھەبوونی ئەو ھەموو ھێزانە لە مووسڵ، وای كردووە حكوومەت لە مووسڵ ھەیبەتی نەمێنێ، چونكە چەكدارە میلیشاكان پابەندی ھیچ بڕیار و یاسایەك نابن و كاریگەرییان كردووەتە سەر دەسەڵاتەكانی حكوومەت".
لەبارەی رەوشی ئاوەدانی و ژێرخانی شارەكە، سمو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە سەردەمی داعش زیانی گەورە بە ژێرخانی مووسڵ كەوتووە و شارێكی وێرانەیە، ھەرچەندە ھەندێ پڕۆژە ھەن و لە قۆناغی جێبەجێكردندان، بەڵام بەپێی خواستی ئێمە وەك ئیدارەی مووسڵ و قەبارەی زیانەكانی مووسڵ نییە".
قائید میرۆ




