سەفار: ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان یەكلا نەكراوەتەوە

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیار بوو تا كۆتایی مانگی ڕابردوو حكوومەت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانە بكات، بەڵام تا ئێستا رەوانە نەكراوە، چونكە ئەوان داوا دەكەن لەجیاتی ناردنی بودجەی ئەمساڵ، ئامادەكاری بۆ ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوو بكەن، بۆیە ھێشتا ئەو پرسە یەكلا نەكراوەتەوە.
دكتور ئەحمەد سەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوایین مۆڵەت درابوو بە حكوومەتی عێراق، كە تا كۆتایی مانگی شەش پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام حكوومەتی عێراق تا ئێستا پڕۆژەیاساكەی رەوانە نەكردووە، چونكە ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین پڕۆژەیاسای بودجە رەوانە بكەن و داوا دەكەن بە شێوەی مانگانە پارە بۆ عێراق خەرج بكەن".
سەفار گوتیشی: "ئێمە داوامان كردووە حكوومەت پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ئەم شەش مانگە رەوانە بكات و دواتر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوو ئامادە بكەن، چونكەناكرێت عێراق بێ بودجە بێت، بۆیە ھێشتا ئەو پرسە یەكلا نەكراوەتەوە و پەرلەمان ھێشتا چاوەڕێی ناردنی بودجە دەكات، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەدان پڕۆژەیاسای ساڵی داھاتوو ئامادە بكەن، چونكە كاتی كەمیان لە بەردەستدا ماوە".
بڵند ئیبراھیم




