د. بەشیر: بە ھۆی كۆرۆناوە جارێ ناتوانین كۆبوونەوە لەبارەی وەرگرتنی قەرز ئەنجام بدەین
__2020_06_20_h11m40s9__RM.jpg)
ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیار بوو پەرلەمان كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت حكوومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی قەرز بكات، بەڵام بە ھۆی كۆرۆناوە جارێ ناتوانین ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدەین.
د. بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی عێراق داوای كردووە بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی قەرز بكات و بڕیاریش بوو پەرلەمان كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی حكوومەت ئەو قەرزە بكات، چونكە ئەم بابەتە پێویستی بە بڕیاری پەرلەمان ھەیە".
حەداد دەشڵێ: "بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا، لە ئێستادا ناتوانین كۆبوونەوە ئەنجام بدەین، بۆیە جارێ كۆبوونەوە ئەنجام نادرێت و ھەر كاتێك دۆخەكە گونجاو بوو، ئەوكات لەبارەی قەرزكردنی حكوومەتەوە كۆدەبینەوە".
حكوومەتی عێراق داوای كردووە ٥ ملیار دۆلار لە دەرەوە و هەروەها ١٥ ترلیۆن دینار لە ناوخۆی عێراق بۆ قەیرانی دارایی قەرز بكات، بەڵام پێویستی بە بڕیاری پەرلەمان ھەیە.
بڵند ئیبراھیم




